شوێنەوارەکانی ھەرێم بۆ ٧ ھەزار شوێن زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەرێمی کوردستان گوتی، لەماوەی ئەم پێنج ساڵە ژمارەی شوێنە شوێنەواریەکان لە ٤ ھەزار شوێن بۆ ٧ ھەزار شوێن زیادی کردووە و تیمی ١٣ وڵاتیش لە ھەرێمی کوردستان کار لە جێگە شوێنەواریەکان دەکەن.
محەممەد لەشکری، بەڕێوبەەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپووری لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی تیمەکان زیادیان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕووپێوی و ھەڵکۆڵینی شوێنەواری ئێستا ھۆشیاری شوێنەواریش بڵاودەکەینەوە لەو پێگەی شوێنەواری کاری تێدادەکرێت، بۆ نموونە لە گوندێک ھەڵکۆڵینی شوێنەواری بکرێت کەسێکی شارەزای ھۆشیاری شوێنەواری بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی ھۆشیاری بڵاوبکاتەوە تا گرنگی پێگەی شوێنەواری بۆیان ڕوون بکاتەوە و خەڵک خۆیان ببنە پارێزەری شوێنە شوێنەواریەکان بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکەین.
محەممەد لەشکری گوتیشی: ھەر لەم کابینەیە یاسای شوێنەواری ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠٢ دەرچووە و ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە بەڕێوەبردنی یاسایی شوێنەوارەکان، کە گرنگی زۆری ھەیە کاتی خۆی کارمان بە یاسایی شوێنەواری عێراقی دەکرد کە ساڵی ١٩٣٦ ھەموارکراوەتەوە لەگەڵ ئێستا نەدەگونجا، بەڵام توانرا یاسایەکی تایبەت بە پاراستن و مافەکانی شوێنەوار و کەلەپور دەربچێت.
لەشکری باسی لەوەشکرد: نۆژەنکردنەوەی شوێنەواریەکان ٤٨ پڕۆژەیە و ٨٥ یاداشت و گرێبەست و لێکتێگەیشتن واژووکراوە لەگەڵ تیمە بیانیەکان لەگەڵ ١٣ وڵاتی جیاجیا و ھەڵکۆڵین و ڕوپێوی شوێنەوارەکان کە ١٢٤ شوێنە، بۆیە بەردەوامن تیمە بیانیەکان چونکە تیمەکان بەلایەنی کەم کارێک دەکەن ١٠ بۆ ٢٠ ساڵی پێویستە، بۆیە بەردەوام گرێبەستیان نوێ دەکەنەوە، چونکە سەرەتا ٣ بۆ پێنج ساڵ کار دەکەن دواتر بۆیان نوێ دەکرێتەوە، کە پڕۆژەمان ھەیە ١٥ ساڵە بەردەوامە.
ناوبراو دەشڵێت: پێشتر لە ھەرێمی کوردستان ٤ ھەزار پێگەی شوێنەواریمان ھەبوو ئێستا بۆ ٧ ھەزار پێگەی شوێنەواری زیادی کردووە، ئەمە جگە لە خانووە کەلەپووریەکان ئەوانە ھێشتا سەرژمێریان بۆ نەکراوە ژمارەیان چەندە کە تەمەنیان لە ٢٠٠ ساڵ کەمترە.
بڵند ئیبراھیم




