کرمانج عزەت: پلانێک دەدەینە حکوومەت بۆ خزمەتی زیاتری دەڤەری باڵەکایەتی

سۆران -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە چۆمان پێی وایە، پڕۆژەکانی حکوومەت جێی ڕەزامەندی خەڵکن، دەشڵێ: پلانێک دەدەینە حکوومەت بۆ زیاتر خزمەتکردنی ناوچە سنوورییەکان و دەڤەری باڵەکایەتی.
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرەڕای ھەبوونی چەندین قەیران لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام پڕۆژەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی نەوەستاون، لە سنووری باڵەکایەتی و چۆمانیش چەندین پڕۆژە، لە زۆربەی بوارەکان جێبەجێ کراون.
بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی گوتیشی: ئێستا ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئێمە جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەتی لە سنووری شارەدێی قەسرێ چەند پڕۆژەیەکی ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان و پەروەردە کاریان تێدا دەکرێت، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش ھەنە، ئەوانیش دەچنە بواری جێبەجێکردن.
کرمانج عزەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەرنامەی ئێمە وەک حزب ئەوەیە، پلانێک بدەینە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بایەخی زیاتر بە ناوچە سنووریەکان بدات، پێشبینی دەکەم لە نەخشەڕێگای ئایندە ئاوڕی زۆر باشتر لە دەڤەری باڵەکایەتی بدرێتەوە، ڕاستە ھەنگاوی باش نراون، بەڵام پێویستمان بە ھەنگاوی زیاترە.
قائید میرۆ




