٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران، دەرگایەکی تازە لە پەیوەندییەکان بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: دوای سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیران، دەرگایەکی تازە لە پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران بووەتەوە، ئێستا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدان، ئەمەش لە ھەموو ڕوویەکەوە لە بەرژوەندی ھەردوو لا دایە. 

د.ساڵح مەلا عومەر عیسا، پرۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان، لە زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران ھەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و شەڕی داعش بینیمان پەیوەندییەکانی ھەردوو لا زۆر باش بوون، بەڵام ھەندێک ھۆکاری جۆراوجۆر و لێکتێنەگەیشتن بوونە ھۆی لاوازبوونی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمە لە بەرژوەندی ھیچ لایەک نییە، چونکە ئێمە دراوسێی یەکترین و پێویستە سود لە یەکتری وەربگرین و پەیوەندییەکانمان لە ھەموو بوارەکان، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و جیۆپۆلۆتیکی باشتر بکەین، لەبەر ئەوەی ئێمە لەڕووی کلتوریشەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەیەک نزیکین، بۆیە دەتوانین بەرژوەندی ئابووریی نێوانمان زیاتر بکەین، لە بواری ئەمنییش دەتوانین سود لە یەکتر وەربگرین و ئەمنییەتی زیاتر دابین بکرێت، ئەمنییەتی ھەرێمی کوردستان و ئیرانیش بۆ یەکتری گرینگە، بۆیە دەتوانین کار لەسەر خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو لا بە قازانجی هاوبەش بکەین. 

د.ساڵح مەلا عومەر عیسا گوتیشی: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو بۆ ئیران، گرینگی یەکجار زۆری ھەبوو، بەتایبەت دانیشتنی لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئیران، بەھۆی ئەوەی پێشتر لە زۆر کەناڵی ڕاگەیاندن لێدوان دژی ھەرێمی کوردستان دەدرا و وا پێشان دەدرا ھەرێمی کوردستان دەبێتە ئیسرائیلی دووەم و مەترسییە بۆ سەر ئیران .. بەڵام سەردان و دیداری ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ئایەتوڵا خامەنەیی بووە ھۆکاری ئەوەی لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران دروست بێت، باشترین بەڵگەش .. دوای دوو ڕۆژ لەسەردانەکە خامەنەیی لێدوانێکی دا و کاردانەوەی زۆری لە میدیا هەبوو، باسی لەوە کرد ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە لایەنی نزیکی ئیران و هەست دەکات ھەرێمی کوردستان لە ھەمووان نزیکترە، بۆیە ئەمە گۆڕانکاری لە بیروڕای سەرکردەکانی ئیران بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دروست کرد، چونکە مێژووی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران دوور و درێژە و بە ھەزاران ساڵە. 

 لەوەش کرد: ئەو ھەوراز و نشێوەی ھەبوو نامینێت و پەیوەندییەکی باشتر دروست دەکرێت، ئەو کێشانەی ھەبوون کاریگەری سلبییان لەسەر پەیوەندییەکان ھەبوو، بەڵام دوای سەردانەکە لێکتێگەیشتنی باشتر لەنێوان ھەردوولا دروست بوو، پێش دوو ھەفتە من یەکێک بووم لەوانەی وەکو پارتی لە ڕێوڕەسمێک لەلایەن ئێران داوەت کرابووین، بینیمان بەشێوەیەک ڕێزیان لە پارتی گرت گوزارشتی لە هەبوونی پەیوەندی باش و خاڵی هاوبەشی مێژوویی دەکرد، وەک ڕووبەڕووبوونەوەی بەعس و داعش، ئێستاش دەرگایەک بووەتەوە پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن دەچن، لەسەر بنەمای بەرژوەندی و ڕێزگرتنی ھاوبەش و دوو لایەنە. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار