عەلی دۆڵەمەری: ھەرێمی کوردستان ھەمیشە جێگەی بایەخی وڵاتی فەرەنسایە

فەرەنسا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی: داوەتکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە شێوەی فەرمی، لە لایەن سەرۆکی فەرنسا گرینگی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و نیشانەی ئەوەیە، ھەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی وڵاتی فەرەنسایە.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و داوەتکردنی بە شێوەیەکی فەرمی، لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا بۆ کردنەوەی مەراسیمی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٤ لە پاریس کە چەندین شا و سەرکردە و سەرۆکوەزیران و خەڵکی گرینگ داوەت کرابوو، گرینگی خۆی ھەیە.
عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: جگە لەوە، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو، لەلایەن سەرۆکی شارەوانی پاریس داوەت کرابوو، دواتریش لە مەراسیمەکە ئامادەبوو، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە فەرەنسا گرینگی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات، ئێمە ھەرێمێکین لای فەرەنسا گرینگیمان پێ دەدرێت و پشتگیریمان دەکات.
دۆڵەمەری باسی لەوەش کرد : ئەم سەردانە کاتەکەیشی زۆر گرینگە، ئێستا ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە گفتوگۆی بەردەوام دان بۆ ئەوەی چارەی کێشەکانی نێوانیان بکەن، بۆیە ئەمە پاڵپشتی وڵاتی فەرەنسایە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆکی فەرەنسا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەری دەخات فەرەنسا ھەمیشە پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، گەیشتە پاریس و لە لایەن سەرۆکی فەرنسا ئیمانوێل ماکڕۆن بەگەرمی پێشوازی لێ کرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە فەرمیی داوەت کرابوو بۆ کردنەوەی مەراسیمی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٤ لە پاریس کە بەدەیان شا و سەرۆکوەزیران و سەرکردە و کەسانی گرینگ تێیدا بەشدار بوون.
بڵند ئیبراھیم




