KDP ئاماری ڕەخساندنی ھەلی کار بڵاو دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە زیاتر لە ١٧٠ ھەزار کرێکار دەستەبەر کراون و دەرفەتی کاریش بەھۆی پڕۆژەکان زۆر زیادی کردووە، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانیش دەڵێت، لەم کابینەیە توانراوە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار ھەلیکار بۆ خەڵک بڕەخسێندرێت.
ھەنگاو عەبدوڵڵا خان، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەم کابینەیە ھەلیکار بەشێوەیەکی باش زیادیکردووە بەتایبەت بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێویستە لە ھەر پڕۆژەیەک ٧٥%ی کرێکاری ناوخۆیی بێت ئەمە بۆتە فاکتەرێکی زۆر باش بۆ ئەوەی ھەلیکار زیادبێت بۆ کرێکاری خۆماڵی، بۆیە ئەمە کاریگەری زۆر باشی ھەبووە.
ھاوکات باس لەوەش دەکات: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم پێنج ساڵە پڕۆژەیەکی زۆری ئەنجامداوە ئەمەش وای کردووە دەرفەتی کاری زۆر برەخسێت بۆ خەڵک، بۆیە ساڵ بە ساڵ ژمارەی کرێکاران لە زیادبوون دایە و ئێستا مەرجیشە پێویستە کرێکار زەمان بکرێت ئەگەرنا ڕێگە نادرێت کار بکات لە شوێنەکان و مۆڵەت بە شوێنەکانیش نادرێت بەبێ ئەوەی کرێکارەکانی زەمان بکرێت، کە ژمارەی ئەوانەی زەمان کراون زیاتر لە ١٧٠ ھەزار کرێکار دەبێت، چونکە ئەوە یاسایە پێویستە جێبەجێ بکرێت ئەمەش دڵخۆشکەرە کە کرێکار داھاتووی دیارە.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: لە ئێستادا کرێی کرێکارانیش زۆر باشە و کەمترین کرێی کرێکار لە ڕۆژێک ماوەی ھەشت کاتژمێر کار بکات لە ٢٥ ھەزار دینار کەمتر نیە و ئەگەر کارەکە قورس بێت تاوەکو ٤٠ ھەزار دیناریش دەڕوات، بۆیە ئێستا دەرفەتی کار زۆر باشە بەراورد بە ڕابردوو، بەڵام گرفتێکیش ھەیە خەڵکی خۆشمان ھەموو جۆرە کارێک ناکەن و کارێکیش ناکەن زیاتر کاری پێبکرێت و کەمتر پارەی پێبدرێت.
لای خۆشیەوە دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ھەواڵەی پشت ڕاستکردەوە و گوتی: بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیە دەرفەتێکی زۆری کار بۆ خەڵکی خۆمان ڕەخساوە، کە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار ھەلیکار دەبێت، ئەویش بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی زۆر کە بۆتە فاکتەرێک بۆ ڕەخساندنی ھەلیکار لە ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




