٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر کرد، لە دیدارەکەشدا پەیوەندیەکانی نێوان حکوومەت و گەلی بەریتانی و حکوومەت و گەلی کوردستان بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسف کرا، ھەروەھا میرانی دووپاتی کرده‌وه‌ کە ناوچەکە ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێ و ھیوادارین ھەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە (ئەندرو بیزلی) کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، سەبارەت بە ڕەوشی کوردستانیش فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا کە ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی خۆئامادەکردندانە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەتێکی تازە.

ھەروەھا میرانی ئاماژەی بەوەدا کە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن سەرەڕای نەناردنی بوودجە و مووچە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە بەغداوە، ھیوای خواست ئەم بارودۆخە کۆتایی بێت.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە و عێراق میرانی دووپاتی کرده‌وه‌ کە ناوچەکە ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێ و ھیوادارین ھەموو لایەک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.

لەلای خۆیەوە (ئەندریو بیزلی) کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پەیوەندیەکان لەنێوان حکوومەت و گەلی بەریتانی و حکوومەت و گەلی کوردستان بە مێژوویی و سەرکەوتوو وەسف کرد و ھیوای خواست کوردستان و گەلی کوردستان لە پێشکەوتن دابێت.

هەواڵی پەیوەندیدار