له KDPیهوه بزانه كهی قەڵا پێشوازی لە گەشتیاران دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بەردەوامە و ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی شەقامی ناوەڕاستی قەڵاین، کە بەم زووانە تەواو دەبێت و لە مانگی نۆ جارێکی دیکە قەڵا پێشوازی لە گەشتیاران دەکات، کە بەھۆی نۆژەنکردنەوەوە دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاری بیانی.
نیھاد قۆجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بە ھاوکاریی ماددیی کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا و خێرخواز (شێخ باز بەرزنجی) بە تایبەتی بەردەوامە و بەھۆی وردیی کارەکەوە کاتی زۆرمان پێویستە، بۆ ئەوەی نۆژەنکردنەوەی تەواو بکرێت، چونکە ماستەرپلانێکی باش دانراوە و بەپێی ئەو ماستەرپلانە کاری لەسەر دەکرێت، چونکە قەڵا لەسەر شێوازی خۆی نۆژەن دەکرێتەوە، بۆیە نۆژەنکردنەوەی ھەر خانوویەک کاتی زۆری پێویستە، لەبەر ئەوەی ئێستا ئێمە سەرقاڵی تەواوکردنی شەقامی ناوەندی قەڵاین، تا سەرەتای مانگی نۆ تەواو دەبێت و دەست بە کردنەوەی قەڵا بە ڕووی گەشتیاران دەکەینەوە".
قۆجە گوتیشی: "ھەرچەندە ئێستا وەرزی گەرمایە و خەڵک ڕەنگە کەمتر بێت سەردانی قەڵا بکات، بەڵام ڕۆژانی دیکە خەڵکێکی باش دێت، لەبەر ئەوەی پێشتر ڕۆژانە نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کەس سەردانیان دەکرد و بە ھۆی نۆژەنکردنەوەوە ڕێژەکە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە، چونکە شوێنی حەوانەوەی کەمە و بڕیارە کافتریا و چایخانە دروست بکرێن و خەڵک بێت لەوێ پشوو بدات، ئەمەش وادەکات خەڵکی زیاتر سەردان بکات، بۆیە قەڵا زیاتر گەشتیاری بیانی حەزیان لێیە سەردانی بکەن و بە جۆرێکیش نۆژەن دەکرێتەوە، کە دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاری بیانی".
دەشڵێت: "پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر ھیچ کاتێک نەوەستاوە و بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت، بەردەوامیش دەبین تاوەکو بە تەواوی نۆژەن دەکرێتەوە و دەبێتە شوێنێکی ھەم شوێنەواری و ھەمیش گەشتیاری".
بڵند ئیبراھیم




