وەزیری تەندروستى بۆ KDP: %٩٩ ئامانجەکانمان پێکاوە

هەولێر-KDP.info- دکتۆر سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکى تایبەت بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستاندا، بە داتا باس لە پڕۆژەکانى حکوومەت بۆ پێشخستنى کەرتى تەندروستى دەکات.
*لە ماوەی ئەم كابینەیەدا چەند جۆر كوتان پێشكەشی هاووڵاتییان كراوە؟
-دوو جۆر کوتانمان هەیە، جۆرێکیان هەفتانە دوو ڕۆژە لە هەموو بنکەکانى تەندروستى بەپێی دەفتەرى منداڵان، کە کوتانى منداڵان هەیە لە تەمەنى یەک هەفتەوە بۆ ١٥ مانگى، جۆرى دووەمیان لە هەڵمەتەکانە و ساڵانە یەک بۆ دوو هەڵمەتى کوتانمان هەیە بە شێوەیەکى گشتى، کە %٩٩ ئامانجەکانمان پێکاوە، ژمارەى منداڵانیش بۆ وەرگرتنى ڤاکسین ٧٠٠ هەزار دەبێت.
*چی كراوە بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتیی دەرمان و ڕێگری لە بازاڕی دەرمانی بێكوالیتی؟
-لە کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا، لە پاش دوو ساڵ کارکردن، لەسەر بنەما یاسایی و چاکسازى و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکان، هەروەها فراوانکردنى کوالیتى کۆنتڕۆڵ لە ڕووى بیناسازى و تاقیگەکان، دەرچوواندنى چەندین ڕێکارى یاسایی و کارگێرى، شۆڕشى چاکسازى لە دەرماندا کراوە، ئێستاش %٩٠ دەرمان کۆنتڕۆڵ کراوە، کە هەوڵی جیددیمان داوە بۆ قەدەغەکردنی دەرمانى قاچاخ و نایاسایی، سەرکەوتنێکى باشیش بەدەست هاتووە، هەروەها کاری گرنگیش ماوە لە ڕێگاى کۆگاى نیشتیمانى و بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى تەندروستى و چاودێریکردنى دەرمان، بۆیە پێداچوونەوە بە کوالیتى کراوە و سیستمى پیشەسازى بەکارە، کە هەموو هاووڵاتییان لە ڕێگاى باڕکۆدەوە دەتوانن چاودێریى ئەو دەرمانە بکەن کە بەکارى دەهنێنن.
*چی كراوە بۆ ئەوەی نۆڕینگەكانی گەڕەكەکان لە چوارچێوەیەکی دیاریكراودا كاری خۆیان بكەن و جێی پزیشك نەگرنەوە؟
-نۆڕینگەى لاکۆڵان و گەڕەکەکان نووسراومان هەیە لە ئەنجوومەنى وەزیران ڕێک بخرێتەوە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئەم جۆرە نۆڕینگانە بوونیان هەیە لە عێراقدا، دیاردەى بوونى دەرمانخانەى گەڕەکەکان و فرۆشتنى دەرمان، دیاردەیەکى نایاساییە، ڕێک دەخرێتەوە، وەک وەزارەتیش پێشنیازێکمان داوەتە ئەنجوومەنى وەزیران، لیژنەیەکى فراوانى لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان پێک هێناوە لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى تەندروستى و سەندیکا پێوەندیدارەکان، ئێستا لە ژێر ڕێکخستنەوەدایە، کە ئەم نۆڕینگانە ببنە خاوەنى مۆڵەتی خۆیان و کارى تایبەت بە خۆیان بکەن، نەک فرۆشتنى دەرمان و یان ئەنجامدانى کاری پزیشکى، کە ئەوە ئیشی ئەوان نییە.
*لە ماوەی ئەم كابینەیەدا چەند نەخۆشخانەی حكوومی و چەندی ئەهلی كراونەتەوە؟
-لە کابینەى نۆیەمدا ١٢ نەخۆشخانە کراونەتەوە، بەشێکیان تەواو بوون لەلایەن حکوومەتەوە، بەشێکیشیان لەسەر ڕێکخراوەکانى (ئێن جى ئۆ) بووە، تێشیدایە دەزگای خێرخوازی ئەرکى دروستکردنى گرتووەتە ئەستۆ، هەروەها ١٨ بنکەى تەندروستیش کراونەتەوە، بە دابینکردنى هەموو پێداویستییەکانەوە، ژمارەیەکى تریشمان تەواو بوون و چاوەڕێی دابینکردنى پێداویستى و ئامێرى پزیشکى و دامەزراندنى کارمەند و پزیشکین بۆیان، بە شێوەیەکى گشتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گرنگیى بە کەرتى تەندروستى داوە، لەگەڵ دروستکردنى نەخۆشخانەکانى سیدەکان و شیلادزێ و ئامێدى، هەروەها کردنەوەى سەنتەرى لێزەرى شێرپەنجە لە پارێزگاى دهۆک، چەند دامەزراوەیەکى پێوەندیداریش وەک سەنتەرى شێرپەنجە لە ڕانیە، لەگەڵ چەند سەنتەرێکى تریش لە قۆناخى کۆتاییدان، هەروەها بەشێکى ترى کارەکان فراوانکردنى نەخۆشخانەکان و فراوانکردنى هۆڵەکانى نەشتەگەرى و زیادکردنى ژمارەى قەرەوێڵەکان و دامەزراندنى کارگەکان بووە، کە ئەمانە بەشێکى ترن و ژمارەیەکى زۆر پڕۆژەن، تواندراوە سوودیش لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین بۆ ئەوەی زیاتر ژێرخانى تەندروستى بەرەو باشتر بەرین.
*چی كراوە بۆ ئەوەی توێژینەوە پزیشكییەكانی كوردستان بچنە كۆنفڕانسە جیهانییەكانەوە؟
-لایەنى ئەکادیمى زۆر گرنگ بووە لامان و پاڵپشتیمان کردووە، لە ڕێگاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەنتەرى بۆردى کوردستانى و بۆردى عێراقى و عەرەبى، بۆ ڕاهێنان و پێدانى پسپۆڕى کۆلێژەکانى پزیشکى، هاوکاری و هەماهەنگیى تەواومان هەیە، بۆ یەکەم جاریش دەوڵەتى ئوردن متمانەى بە نۆ نەخۆشخانە دا لە کوردستان، کە سەنتەرى ڕاهێنان و پێدانى پسپۆڕی بۆردى ئوردنى بن، کە دان بە قوتابیانى ئێمەدا دەنێت بۆردى ئوردنى تەواو بکەن و پسپۆڕى بەدەست بهێنن، قوتابیانى خوێندنى باڵا لە کۆلێژە پزیشکییەکان و بۆردەکانى کوردستانى عێراقى و عەرەبى، توێژینەوەکانیان لە کۆنفڕانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان ئانجام دەدەن، پاڵپشتیى ئێمە بۆ کۆمەڵە پزشکى و زانستییە جیاوازەکان بۆ ئەنجامدانى کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان لە شارەکانى کوردستان، بووەتە هۆکارى پێشکەوتنى ڕەوشى زانستى و تەندروستییە پزیشکییەکان.
*ئایا ڕێوشوێن گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت؟
-لە کاتی کۆرۆناش نرخى نەخۆشخانەکان و بەشێک لە دەرمان و نەشتەگەرییەکان، ڕێکخستنەوەمان بۆ ئەنجام داوە، پێڕەوێکى یاساییمان ئامادە کردووە و دەینێرینە ئەنجوومەنى وەزیران، بۆ ئەوەی دەنگى لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، کە پێڕەوى ڕێکخستنەوەى کەرتى تایبەتە لە نەخۆشحانە و سەنتەر و کۆمەڵگا و هەموو دامەزراوەکانى کەرتى تایبەت، لە ئێستادا کەرتى تایبەت لە ژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتى تەندروستیدایە، لە مۆڵەت و چۆنیەتیى بەڕێوەبردن و ئەو میلاکەى لەوێ کار دەکات و چۆنیەتیى ئەنجامدانى نەشتەگەرى، بە تایبەت نەشتەگەریى گەورە هەیە پێویستیان بە ڕێگەپێدان هەیە، ئەو دۆسیەیەشمان بە گرنگى وەرگرتووە.
*وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكان، ئایا ئاگاداری بڕوانامەی هەموویانن؟
-هەر پزیشکێک بیەوێت لە هەرێمى کوردستان کار بکات، پێویستە هەڵگرى ناسناوى پزیشکى پسپۆڕ بێت و داوایەکى یاسایی پێشکەش بکات، کە سەیرى ئەوەلیاتەکانى دەکەین، لەوەش گرنگتر، بڕوانامەکەى لە عێراق یان کوردستان بەدەست هێنابێت، ئەوە تەواوە، ئەگەر لە دەرەوەش بەدەستى هێنابێت، ئەوە دەبێت یەکسانکردنى بڕوانامەى بۆ بکات، کە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا فەرمانگەیەکى تایبەت بە یەکسانکردنى بڕوانامە هەیە، پێویستە یەکسانکردنى بۆ بکات، ئەوکات بۆى هەیە کار بکات، داواشمان لە سەندیکاى پزیشکان کردووە، هیچ پزیشکێک نۆڕینگە نەکاتەوە تاکو فەرمانى وەزارى و ناونیشانى پزیشکیى نەبێت.
عەزیز ڕەسووڵ




