سوپاسالاری پێشمەرگە داواكاریی كورد له گفتوگۆی نێوان ئهمهریكا و عێراق دهخاته ڕوو

ههولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و عێراقدا بەشدارە و داواکاری و بۆچوونی تایبەت بە خۆی ھەیە، کە لەو گفتوگۆیانەدا زیاتر لەسەر دوو تەوەری سەرەکی قسە دەکرێت و دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانە لە عێراق، بەھۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا پێویستی پێ ھەیە.
سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ئێستادا لیژنەیەکی باڵای ھاوبەشی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکان و گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەری سەرەکی لەگەڵ ئەمەریکا دەکرێت، ئەوانیش گفتوگۆکردنە لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریکا، کە زۆر بڕگە لەخۆ دەگرێت، وەکو پڕچەککردنی ھێزەکانی عێراق و ھاوکاریکردنی عێراق لە ڕووی ھەواڵگری و ڕاھێنانکردن بە ھێزە عێراقییەکان، تەوەری دووەمیش گفتوگۆکردنە لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق، ئەوەیان زۆر زەحمەتە و ئەو داواکارییە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو فشارانەی لەسەر عێراق ھەن، کەم بکرێنەوە، ئەگەرنا ئەوە کارێکی ھەروا ئاسان نییە و کاتی زۆری پێویستە، ھەر بە لایەنی کەم، کەمتر لە ساڵێکی پێویستە تاوەکو ھاوپەیمانان چەک و ئالیەتەکانیان دەکشێننەوە و لەم بارودۆخەشدا عێراق پێویستیی زۆری بە ھاوپەیمانان ھەیە، بۆیە ناکرێت بکشێنەوە، چونکە تا ئێستا ھەڕەشەی جیددی لەلایەن داعشەوە لەسەر عێراق ھەیە، ئەوە جگە لەو دەستوەردانە بەردەوامانەی لە عێراق دەکرێن".
سندی گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەو گفتوگۆ و شاندانەی دەچنە ئەمەریکا بەشدارە و سوپاسالاری پێشمەرگە بەشداریی کردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش داواکاریی تایبەت بە خۆی ھەیە و داوا لە ئەمەریکا دەکات بەردەوام بێت لە پڕچەککردن و دابینکردنی پێداویستیی سەربازی و ھاوکاریی سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگە و ڕاشی لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان جیاوازە لەگەڵ عێراق و بۆچوونی تایبەت بە خۆی ھەیە، کە داواکارە ھێزەکانی ھاوپەیمان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ئەم بارودۆخەی ئێستای عێراق پێویستی بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیە، لەبەر ئەوەی ئەوان بکشێنەوە، دۆخی ئێستای عێراق بەرەو ناهەمواریی زیاتر دەچێت، بەڵام ئەگەر بشکشێنەوە بە یەکجاری نابێت و ھێزی ڕاوێژکار و ڕاھێنەرەکانیان دەمێننەوە، بۆیە چەند ساڵێکی پێویستە بۆ کشانەوە، بێگومان کوردیش ڕۆڵێکی گەورەی لە گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




