سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە ئازەربایجان کرا

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بانگهێشتی لوتکەی داهاتووی COP29 لە باکۆی ئازەربایجان کرا.
ڕۆژی دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێشوازی لە ناسر مامادۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق کردوو گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
هاوکات باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق بانگهێشتنامەی وڵاتەکەی پێشکەش بە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کردووە بۆ بەشداریی کردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا COP29 کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.
لوتکەی جیهانیی کەشوهەوای ئەمساڵ وابڕیارە لە (11 تاوەکوو 22ـی تشرینی دووەمی 2024) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەبچێت کە 29ـەمین لوتکەی جیهانییە بۆ گفتوگۆکردنی سەرکردەکانی جیهان لەبارەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا.




