ئایدن مه‌عرووف بۆ KDP: گەڕانەوەی كورسیی پێكهاته‌كان مافه و به‌پێی یاسا جێگیر كراوه

هەولێر-KDP.info- وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه ئه‌مڕۆ دادگای فیدڕاڵی كۆ ده‌بێته‌وه و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه دەدات، کە له‌سه‌ر كورسیی پێكهاته‌كان تۆماریان کردووە.
ئایدن مه‌عرووف، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئه‌مڕۆ له دادگای فیدڕاڵی دانیشتنێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر سكاڵای پێكهاته‌كان هەیە، سكاڵاكه‌ش له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی 11 كورسیی پێكهاته‌كانه، داواكارین ئه‌و كورسیانه بگه‌ڕێنه‌وه، چونکە ئه‌وه مافه و به‌پێی یاسا جێگیر كراوه، ئه‌و بڕیاره‌ش کە له دژی پێكهاته‌كان درا، سیاسی بوو و لێدان بوو له پێگه‌یان".
مەعرووف گوتیشی: "ئه‌وه‌ی كرا لێدان بوو له پێكه‌وه‌ژیان، كه ئێستا پێكه‌وه‌ژیان له کوردستان له ئاستێكی زۆر باشدایه و دابه‌شكاریی كورسیی پێكهاته‌كانیش به‌م شێوه‌یه نایه‌كسانییه و پێچه‌وانه‌ی یاساكانی كوردستانه".
پێکهاتەکانی کوردستان، داوا لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەکەن ماددە دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت.
ئه‌مڕۆ دووشەممە 22-07-2024 دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر حەوت سکاڵا کۆ دەبێتەوە، کە بە جیا لەلایەن پێکهاتەکانەوە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی دەستەی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و وەزیری پلاندانانی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کراوە.
سەرجەم سکاڵاکانیش لە دادگا لەسەر ئەوەن، کە بڕیاری نادەستووریبوونی ماددەی دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران بدات، کە بەهۆیەوە کوردستان دابەشی سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن و 100 کورسیی پەرلەمان کراوە و 5 كورسییش بۆ پێكهاته‌كان دانراوه.




