وەزیری بازرگانی لەبارەی کۆتایی هاتنی وەرگرتنی گەنم بۆ KDP دەدوێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەکۆتا ھاتووە و ئەو ڕێژەی دیاریکرابوو ھەندێک کەمتر لە جووتیاران وەرگیراوە، ئەمەش بۆ ھەندێک ھۆکار دەگەڕێتەوە.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کۆتایی پێھاتووە و ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە لەبەر ئەوەی گەنم نەماوە بۆ ئەوەی وەریبگرین و زۆرێک لەوانە لە بازاڕ فرۆشتوویانە و ھەندێک کارگە ھەن گەنم بەکاردێنن ئەوان گەنمیان کڕیووە و سایلۆی ئەھلیش ھەیە گەنم دەکڕن، بۆیە مەرج نیە ھەمووان گەنم ڕادەستی سایلۆکان بکەن، بۆیە ئەو ڕێژەی دیاریکرابوو کەمتر لەوە وەرگیراوە، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم، لەبەر ئەوەی مەرج نیە ھەموو ئەو گەنمەی دەچێت بۆ سایلۆکان لە پشکنین دەربچێت و بەپێی ئەو ڕێنمایانەی دیاری کرابێت، بەڵام ئەوەی پێویست بووە وەرگیراوە".
کەمال موسلیم گوتیشی: "ڕاستە ئەو گەنمەی جووتیاران لە بازاڕ دەیفرۆشن وەکو ئەو نرخە نیە حکوومەت وەریدەگرێت، چونکە ئەوەی حکوومەت تەنی بە ٨٥٠ ھەزار دینارە و ئەوەی لە بازاڕ ھەیە لە دەوری پێنج سەد ھەزار دینارە، بۆیە لە ڕووی نرخ جیاوازی ھەیە، بەڵام ئەوەی بردراوە بۆ سایلۆ بەپێی ئەو ڕێنمایانەی دیاریکراوە لە جووتیاران وەرگیراوە و ئێستا پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم کۆتایی پێھاتووە".
لەبارەی ھەناردەکردنی گەنم بۆ دەرەوە، وەزیری بازرگانی ئەوەی خستەڕوو: ھۆکاری نەناردنی گەنم بۆ دەرەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نرخی گەنم لە دەرەوە لە ھەرێمی کوردستان ھەرزانترە، بۆیە لە جیاتی ئەوەی ڕەوانەی دەرەوە بکرێت جووتیار لێرە بیفرۆشێت قازانجی زیاترە ئەگەر نا دەتوانن گەنم ھەناردەی دەرەوە بکەن".
موسلیم باسی لەوەشکرد: "ڕاستە جووتیار لە بازاڕ گەنم بفرۆشێت بەنرخێکی کەمترە، بەڵام بۆ ئەوەی بزانین زیانی کردووە لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە خەرجی بەرھەمی گەنمەکەیان چەندە ئەوەشیان جووتیاران زیاتر دەزانن تێچووی بەرھەمھێنانی گەنم چەند بووە".
بڵند ئیبراھیم




