زانیاری نوێ لەبارەی ھاوتاکردنی مووچەی شەھیدان

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی شەھیدان وردەکاری ھاوتاکردنی مووچەی شەھیدانی ئاشکرا کردوو دەڵێ، لە قۆناغی یەکەمدا مووچەی ئەو کەسانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ناوچە کوردستانیەکان شەھید بوونە ھاوتای مووچەی شەھیدانی عێراق دەکرێت و قۆناغی دواتر ھەموو شەھیدان دەگرێتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی شەھیدان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " دوێنێ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساییەکمان کردووە لە پەرلەمان و بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە ھەر ئەندامێکی ھێزە ئەمنیەکان و ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شەھید بێت ئەوە مووچەکەی ھاوتای شەھیدانی عێراق دەکرێت".
ئەندامەکەی لیژنەی شەھیدان گوتیشی: "ئێمە داوامان کردووە ھەموو ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٩٦٨ەوە شەھیدبوونە مووچەیان ھاوتای عێراق بکرێت، چونکە ئەوکات بەعس ھاتووەتە سەر دەسەڵات و مافی کەس و کاری شەھیدانە سوودمەندبن، بەڵام ھەندێ ئاستەنگی یاسایی پێویستە چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی لە ھەرێمی کوردستانیش یاسایی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی شەھیدان ھەیە".
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "سەرۆکی دەزگای شەھیدانی فیدڕاڵی خۆی ڕاگەیاندووە ناکرێت خوێنی شەھیدانی کورد و عەرەب لێک جیابکرێت و جیاوازیان لە مووچەدا ھەبێت و شەھید ھەر شەھیدە ئەمەش شتێکی باشە، ئێمەش لە ھەوڵدایین لە قۆناغی دووەم لەگەڵ وەزارەتی شەھیدانی ھەرێم و دەزگای شەھیدانی عێراق مووچەی شەھیدان ھاوتا بکرێت".
قائید میرۆ




