٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ KDP: ناوی حزب و كاندیدەكان گەیشتوون و مانگی داهاتوو تیروپشكیان بۆ دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: دوای کۆتاییھاتنی تۆماری لیست و ھاوپەیمانی و کاندیدان، ٢ ھاوپەیمانی و ١٣ حزب خۆیان تۆمار کردووە و ناوەڕاستی مانگی داھاتووش تیروپشک دەکرێت.

جوومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: دوای کۆتاییھاتنی تۆماری لیست و ھاوپەیمانی و کاندیدان، ١٣٩ لیست ناویان تۆمارکردووە، لەگەڵ ٢ ھاوپەیمانی، ١٣ حزب، ١٢٤ کاندید، ١٩ کاندیدی مەسیحی و ٢٠ کاندیدی تورکمان، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون.

غەلای گوتیشی: بۆ ڕاکێشانی تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و ھاوپەیمانی و کاندیدەکانیش، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئاب دەست بە ڕاکێشانی تیروپشک بکرێت.

وتەبێژی کۆمسیۆن باسی لەوەش کرد: ئەوەی پەیوەندی بە پێکھاتەکانەوە ھەیە لە ھەولێر، تورکمان ١٤ کاندید و لە سلێمانی ٦ کاندید و پێکھاتەی مەسیحیش لە ھەولێر ٧ كاندید، لە سلێمانی ٤، لە دھۆکیش ٨ کاندید خۆیان تۆمار کردووە.

ناوبراو ڕوونیكردەوە: ئێستا لیژنەی تایبەتمەند لە کۆمسیۆن لە ھەرێمی کوردستان وردبینی دەکات لە لیست و کاندیدەکان بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی نەزاھە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار