٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەم پڕۆژە نێودەوڵەتییە لە ھەولێر کراوەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت: دوای کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچی نێودەوڵەتی لە پارێزگای ھەولێر، ئێستا بەجیددی کاری لەسەر دەکرێت و خول بۆ تیمەکان دەکرێتەوە و دواتریش ھاووڵاتییان سودی لێ وەردەگرن، مانگی داھاتوو ئەو سەنتەرە لە سلێمانیش دەکرێتەوە. 

سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ لە ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو پڕۆژە گرینگانەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەھێندرێتە ھەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان و ھەرێمی کوردستان نۆیەم وڵاتە ئەو پڕۆژەیەی لێ دامەزراوە، ئەو پڕۆژەیە گرنگی خۆی ھەیە لەبەر ئەوەی کار لەسەر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەکات و چەندین بابەتی جیاجیاش لەخۆ دەگرێت.  وەکو  ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچ، چۆنیەتی بەرزکردنەوەی توانای گەنجان، چۆنیەتی دۆزینەوەی ھەلی کار، بەرزکردنەوەی تواناکانیان، خۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان و ھەلی کاری یاسایی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ھەلی کار بۆ دەستی کاری بیانی دەڕەخسێنن، بۆیە بەردەوام چەندین وڵاتی وەکو سوید، ئەڵمانیا، سویسرا، دانیمارک و نەرویج پشتگیری دەکەن. 

سروە ڕەسوڵ گوتیشی: ئێستا پڕۆژەکە لە ھەولێر بە فەرمی کراوەتەوە، مانگی داھاتوو لە سلێمانییش دەکرێتەوە.  لەگەڵ سەنتەری پەرەپێدانی کۆچی نێودەوڵەتی، ئێستا خەریکی پێگەیاندنی ئەو کارمەندانەین کە ئەو جۆرە خولانە پێشکەش دەکەن، بێگومان ئەوە بەتەنیا بە خەڵکی خۆمان نابێت، لە بەشێکی دیکە ھاوکاری ئەو کەسانە دەکرێت کە لە دەرەوە بۆ کارکردن ڕوو لە ھەرێم دەکەن و یاسای و ڕێسای هەرێمیان پێ دەناسێنین کە چۆن خۆیان بگونجێنن ئەگەر ڕووبەڕووی شتێک ببنەوە، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ چەند وەزارەتێک دەکرێت، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی پلاندانان، خوێندنی باڵا و پەروەردە، لە ناووەزارەتی ناوخۆش چەندین لایەنی سەرەکی ھەن وەکو بازرگانی بە مرۆڤ، ئەوانە ھەمووی ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە لەو سەنتەرە. 

سروە ڕەسوڵ ڕوونیشی کردەوە: بەردەوام لەڕێگەی لیژنەیەکی باڵا بەرنامە دادەنرێت و ئەو جۆرە ھۆشیارکردنەوانە پێشکەش دەکرێن، ئێستا خەریکی دانانی ھێڵە گەرمەکانین و بۆ تیمەکانمان خستووەتە کار و ڕاھێنانیان پێدەدەکرێت کە چۆن ھۆشیارکردنەوە و پەیامەکان دەگەینن. 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار