٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشیر حەداد بۆ KDP: بۆ بانگی یەکگرتوو بۆچوونی لیژنەی باڵای فتوا وەرگیراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، یەکخستنی بانگ لە ھەولێر بەرەو تەواوبوونە و لە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.

د. بەشیر حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی یەکخستنی بانگ سەرەتا لە شاری ھەولێر دەستی پێکردووە و لە سەد مزگەوت جێبەجێ کراوە، ئێستا پڕۆسەکە لە فراوانبوونە و دوای ھەولێر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بانگی یەکگرتوو پڕۆژەیەکی سەرکەوتووە و لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت: بانگی یەکگرتوو لەگەڵ بانگی پێشوو جیاوازییەکەی ئەوەیە، پێشتر لەوانەیە لە ھەندێ مزگەوت کەسانێک بانگیان دابێت، دەنگیان وەک پێویست نەبووبێت، یانیش پێش و پاش ھەبوو لە بانگدان، ئێستا یەک کەس بە دەنگێکی خۆش بۆ ھەموو مزگەوتەکان بانگ دەدات.

لەبارەی ئاستەنگی شەرعییەوە، د. بەشیر حەداد گوتی: ئەو بانگەی ئێستا جێبەجێ دەکرێت، بانگی ئەلیکترۆنی نییە، کەسێک ھەیە بانگ دەدات نەک پێشتر تۆمار کرابێت، ئەوەی ھەیە بانگی زیندووە و لە ڕووی ئایینییەوە ھیچ کێشەیەکی لەسەر نییە، ھەتا بۆچوونی لیژنەی باڵای فتواش وەرگیراوە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار