٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێم بە دوو ڕێگا بەرھەمی ناوخۆ ساغ دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم دەڵێت، لە ئێستادا بەرھەمی مریشک و ھێلکە لە پێداویستی ناوخۆ زۆر زیاترە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوو ڕێگەوە بەرھەمەکان ساغ دەکاتەوە و بازاڕی بۆ پەیدا دەکات.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی جدی دراوە بۆ ئەوەی ھەم سەرچاوەی داھات زیاد بکرێت و ھەمیش بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت، بە جۆرێک لە ئێستادا بەرھەمی ھێلکە و مریشک زۆر لە خواستی ناوخۆ زیاترە و دەتوانین بۆ دەرەوەشی ھەناردە بکەین، چونکە ئێستا جگە لە ھەرێمی کوردستان بۆ عێراقیش بەرھەممان دەڕوات، بەڵام زۆر جار گرفتمان بۆ دروست دەکەن.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتیشی: ئێستا بەراورد بە ڕابردوو بەرھەممان زۆر زیاتر بووە، بەجۆرێک پێشتر لە بەرھەمی گۆشتی مریشک ھەزار و ٥٣٤ پڕۆژەمان ھەبوو ئێستا بۆتە ٢ ھەزار پڕۆژە، ھەروەھا ١٣٥ تەن گۆشتمان ھەبوو ئێستا ٢٦٥ تەن گۆشتمان ھەیە و لە بەرھەمی ھێلکەش پێشتر ١١ پڕۆژەمان ھەبوو ئێستا زیادی کردووە بۆ ٤٦ پڕۆژە بەجۆرێک لە ٣ ھەزار کارتۆن بۆ ١٥ ھەزار کارتۆن زیادی کردووە.

فیراس سدیق باسی لەوەشکرد: بۆ ئەوەی بەرھەمیش بازاڕی بۆ پەیدا بکرێت و ساغ بکرێتەوە بەھۆی ئەوەی زیاد لە خواستی ناوخۆیە، کار دەکرێت بۆ ڕێکخستنەوە بەجۆرێک نرخەکان لە بەرژەوەندی خەڵک و خاوەن پڕۆژەکانیش بێت، بۆیە دوو پڕۆژە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانە گۆشتی مریشک ئامادە بکرێت بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی، ڕێگای دووەمیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی بەرھەمی مریشک و ھێلکە ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیش بکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار