ماڵپەڕی KDP هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت له بواری چارەسەری کەمئاوی ده‌خاته ڕوو

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، له ڕێگای ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، زانیاری له‌سه‌ر پرسی ئاو له كوردستان ده‌خه‌نه ڕوو و به‌رپرسێك ده‌ڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووین بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر و چەندین ڕێکاری پێویستیش گیراونەتە بەر و کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر چارەسەر دەبێت.
له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، گرنگییەکی زۆر به كه‌رتی ئاو دراوه و له‌و بواره‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆر به‌نداو و پۆند و بیری ئاوی گشتی و چاكکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان ئه‌نجام دراون، پرسی ئاو له هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی له كابینه‌ی نۆیه‌مدا، بایه‌خێكی پتری پێ دراوه و له چوارچێوه‌ی دیدگه‌ی ستراتیژی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سروور بارزانی، توانراوه هه‌نگاوی گرنگ له‌و بواره‌دا بنرێت، کە چه‌ندان پڕۆژه‌ی گرنگی ئاو جێبه‌جێ بكرێن و چه‌ندانی دیكه‌یش كاریان تێدا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی ژێرخانی سامانی ئاوه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت.
له‌باره‌ی پرسی گرفتی ئاوی ماڵان له هه‌ولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له‌سه‌ر بابه‌تی پرسی كه‌مئاوی، هه‌موو لایه‌نه‌كانمان ڕاسپاردووه له شاری هه‌ولێر كه به ده‌م خه‌ڵكه‌وه بچن و ئه‌و گرفتانه‌ی هه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌شێك له هه‌نگاوه‌كان خێران و به‌شێكیان پڕۆژه‌ی گرنگن له بواری ئاو، كه كاتی ده‌وێت. چه‌ندین پڕۆژه‌ش ده‌ستیان پێكراوه، كه به‌هۆیانه‌وه گرفته‌كانی كه‌مئاوی چاره‌سه‌ر ده‌بن، كه بریتیین له لێدانی بیری ئاوی نوێ له‌و شوێنانه‌ی كه بیره‌كان به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵییه‌وه وشك بوون، جیا له دابینكردنی كاره‌با و ته‌واوی پێداویستییه‌كانی دیكه، كه ده‌بنه هۆی دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان".
خۆشناو گوتیشی، له‌م كابینه‌یه‌دا گرنگییەکی زۆر به بابه‌تی ئاو دراوه، به تایبه‌ت چاكسازی له كه‌رتی ئاو و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاو و دابینكردنی ئاوی پاك بۆ خواردنه‌وه له ڕێگای سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌وه، جیا له‌وه‌ش كۆکردنه‌وه‌ی ئاوی به‌نداو و پۆندەکان، كه كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان ده‌بێت و له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا ته‌واوی گرفت و ئاڵنگارییه‌كان كه دێنه به‌رده‌م پرۆسه‌ی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك بۆ ماڵان، چاره‌سه‌ر ده‌بن و تیمه هونه‌رییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر سەرقاڵی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانن.
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو، هه‌وڵیان داوه كه ڕێگری بكه‌ن له زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر ئاو له شاری هه‌ولێر و سزای ئه‌وانه‌ش ده‌درێت سه‌رپێچی ده‌كه‌ن له بابه‌تی ئاو له ده‌ره‌وه‌ی ڕێنماییه‌كان و دەشڵێ، چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئاو له شاری هه‌ولێر، له ئه‌وله‌وییه‌تی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سروور بارزانییه، له ئایینده‌دا له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌وه ئه‌و گرفتانه به یه‌كجاره‌كی بنبڕ و چاره‌سه‌ر ده‌بن.

هه‌ر له‌م بارەیە‌وه، كاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگییه‌كی زۆری به پرسی ئاو و دروستكردنی پۆند و به‌نداوه‌كان داوه. ته‌نانه‌ت دیدگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ (ئاو) گۆڕا، به شێوه‌یه‌ك پێناسه‌یه‌كی نوێ بۆ ئاو كرایه‌وه و فه‌لسه‌فه‌یەكی نوێ بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵەكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رچاوه و سامانه سرووشتییه د‌ۆزرایەوە، كه چه‌ندان ڕه‌هه‌ندی ئابووریی و نیشتمانی و ژینگه‌یی هه‌یه، هەروەها هه‌نگاوی گرنگ له‌و باره‌وه نراوه، کە به‌شێكیان پڕۆژه‌ی گرنگی ستراتیژین كه كاتی ده‌وێت بۆ ته‌واوبوونیان، به‌شێكی دیكەشیان جێبه‌جێ كراون و كاریان له‌سه‌ر كراوه".
بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، له كابینه‌ی نۆیه‌مدا هاوسه‌نگی بۆ دابه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی تایبه‌ت به ئاو له هه‌رێمی كوردستان دروست كرا، بۆ نموونه پڕۆژه‌ی پۆنده‌كان له زاخۆوە تاوه‌كوو گه‌رمیان درێژ ده‌بنه‌وه، ئه‌مه بۆ به‌نداوه‌كانیش هه‌مان بابه‌ت و پرسی بایه‌خپێدراوه. خاڵێكی سه‌رنجڕاكێشتریش ئه‌وه‌یه، كه تێچووی پرۆژه‌كان به‌راورد به ڕابردوو، زۆر كه‌م بووەتە‌وه، بۆ نموونه پێشتر تێچووی پۆندێك 1،6 ملیار دینار بووه، به‌ڵام ئێستا 0،8 ملیاره.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی کەمئاوی لە چەند ناوچەیەک دروست بوو، کۆبوونەوەیەکمان بۆ بەدواداچوون ئەنجام دا و ئەو کێشانەی ھەبوون بڕیار درا بە دابینکردنی بوودجەیەکی فریاکەوتن لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئەو کێشانە، کە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار بوو، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ھەبوون چارەسەر بکرێن، وەکو ڕێکخستنەوەی تۆڕەکان و بیرەکان و چارەسەری گرفتی کارەبای بیرەکان و چەند بیرێکیش بەسترانەوە بە کارەبای نیشتیمانی و دەشڵێ، ئەو کێشانەی ئێستا ھەن، ھەموویان تاوتوێ کران و لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ کە یەکێک لە ھێڵەکان کێشەی ھەبوو، چارەسەر دەکرێت و لە ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکەدا تەواو دەبێت، ئەویش دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان، بۆیە کێشەی زۆرێک لەوانەی ئاو لەو ھێڵە وەردەگرن چارەسەر دەبێت، لەگەڵ ئەو ناوچانەی کێشەیان ھەیە ئەویش چارەسەر دەکرێن.

ئاری ئەحمەد گوتیشی، لەو بوودجەیەی تەرخان کراوە، ٣٠٠ ملیۆن درا بە پارەی مۆلیدە ئەھلییەکان و ٣٠٠ ملیۆن دینار درایە ئاوی دەوروبەر و ٧٠٠ ملیار دیناریش بۆ ئاوی ھەولێر، کە بڕیارە مانگی داھاتوو ملیارێک دیناری دیکە تەرخان بکرێت بە شێوەی فریاکەوتن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت گرفتی کەمئاوی لە ھەولێر دروست بێت.
ئەحمەد باسی لەوەش کرد، بە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانە تا ڕادەیەکی باش کێشەکان چارەسەر دەکرێن و لەو ناوچانەی کێشەش ھەن، تەنکەریان بۆ دابین کراوە و ڕۆژانە بە بەردەوامی ٢٠ تەنکەر ئاو بۆ ماڵان دابین دەکەن، تاوەکو کێشەی کەمیی ئاوی ئەوانیش چارەسەر دەکرێت، بۆیە بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ گرفتی زۆری ئاومان ھەبوو، بەڵام بە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانە، زۆرینەی کێشەکان چارەسەر دەبن و گرفتیی کەمئاوی نامێنێت تا ئەوکاتەی پڕۆژەی ئاوی ستراتیژیی ھەولێر جێبەجێ دەکرێت، کە ئەوکات گرفتی کەمئاوی بە تەواوی بنبڕ دەکرێت و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت.
بڵند ئیبراھیم




