٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەردی بناغەی رێگەی گوندەکانی (باغەمرە شەهاب، پیڕەش و خەتێ) دانرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر، بە گوژمەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی ڕێگەوبانی دانا.

ئه‌مڕۆ سێشەممە 16-7-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بەڕێوەبەری ناحییە و شارەوانیی دارەتوو و بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتیی ناوچەکە، بەردی بناغەی پڕۆژەی درووستکردنی رێگە بۆ گوندەکانی (باغەمرە شەهاب، پیڕەش و خەتێ) دانرا.

گوژمەی پڕۆژەکە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە و لەلایەن سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدان بەقەرزی بانکی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ و پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەندین پڕۆژەی پەرەپێدان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی دراوە و لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەروەها پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو پڕۆژانەی لە پێشوو جێبەجێ کراون و لەداهاتوودا جێبەجێ دەکرێن، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییە.

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، رێگەوبان کۆڵەکە سەرەکییەکانی پڕۆژەکانە و هەمیشە سەرۆکوەیران جەختی لەسەر دەکاتەوە. گوتیشی، جەخت لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ دەوروبەری شاری هەولێر دەکەینەوە و ئاوڕی زۆرتری لێ بدرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار