حكوومەتی هەرێم بەردەوام لە هەوڵدایە ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنرێت

شنگال-KDP.info- سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید ڕایگەیاند: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک وڵات و رێکخراو دانیان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە و لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کۆمەڵێکی دیکەش دانی پێدا بێن، ئێستا کار دەکرێت بۆ ئەوەی دادگایەک دروست بکرێت و لێکۆڵینەوە لەو تاوانە گەورە نێودەوڵەتییە بکات، ئەم هەنگاوەش واتە چیتر جیهان لە بەردەم ئەو جینۆسایدە مەزنەی كوردانی ئێزدیدا بێدەنگ نابێت.
حەسۆ ھورمی، سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆمەڵێک رێکخراو و وڵات دانیان بە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا ناوە و ئێستا نەک تەنیا ئەوە، بگرە دادگاش دروست کراون و لە ئەڵمانیا تاوانبار "تەھا جومەیلی" حوکم کراوە کە جینۆسایدی بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھێناوە و وڵاتی پورتوگالیش پێش ماوەیەک دوو تاوانباری حوکم دا.
ئەوەشی خستە ڕوو: لەم نزیكانەدا دادگایەک دروست دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک دادوەری فەڕەنسی ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەزارەتی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگیی باشیان ھەیە و پشتگیری لە زیاتر بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی دەکەن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ڕزگاربووان کرد وەکوو گەواھیدەر، چونکە ھەندێک تاوانبار گیراون کە ھەڵگری ناسنامەی فەڕەنسان، بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی لەبارەیانەوە بدات.
سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی ڕوونیشی کردەوە: بەجینۆسایدناساندنی ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھاتووە، لە ڕووی مەعنەوی و سیاسییەوە قازانجی ھەیە و دوو بڕیاری دادگا دەرچوون، ئەوەی بەلجیکا و ئەڵمانیا، کە کاریگەرییان ھەیە و حکوومەتی عێراق ناچار دەکەن ھەندێک ھەنگاو بنێت، بۆیە لۆبییەک دروست دەبێت و کوردی ئێزدی زیاتر دۆستیان بۆ پەیدا دەبێت، بۆ ئەوەی دۆسییەکەیان بە زیندوویی بمێنێتەوە و بەردەوام باسی لێوە بکرێت، ئەمەش دەبێتە فشارێک تا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دادگایەک دروست بکرێت لە داھاتوودا، چونکە عێراق یاسایەکی بۆ ڕزگاربووان دەرکردووە و کۆمەڵێک کەموکوڕیی ھەیە، کە ھیوادارین چارەسەری بکەین و بە کردار جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ڕزگاربووان سوودی لێ وەربگرن.
حەسۆ ھورمی باسی لەوەش کرد: ئێستا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی ئەو تاوانە بەجینۆساید بناسێنین، کە لە نەرویج و سویسرا کار دەکرێت ھەندێک وڵاتی دیکە دان بەو جینۆسایدەدا بنێن، بۆیە ھیوادارین حکوومەتی عێراق ھەندێک ھەنگاو بنێت و ھاوکار بن لەگەڵ وڵاتان، بۆ ئەوەی دادگایەک دروست بکرێت یاخود خۆی بچێت لە داگای نێودەوڵەتیی لاھای ببێتە ئەندام و ڕێگە بدات ئەو دادگایە لە عێراق لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکات.
دوای ئەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەشێكی زۆری خاكی عێراق و سووریایان داگیر كرد، كوردانی ئێزدییان بە نامرۆڤانەترین شێوە جینۆساید كرد و تا ئێستاش قوربانیی ئەو ڕووداوانە ماون، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە لە ڕێی جیاوازی نێودەوڵەتییەوە، ئەو تاوانە لەسەر ئاستی جیهان بە جینۆساید بناسێنرێت، هاوشێوەی ئەنفال و هەڵەبجە و تاوانەكانی تری لە مێژوودا دەرهەق بە كورد كراون.
ئەو وڵاتانەی دانیان بە جیۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە، بریتین لە:
- ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠١٤/٩/١.
- کۆمسیۆنی سامیەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٧/٣/٢٠١٥.
- ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ١٥/٣/٢٠١٦.
- پەرلەمانی ئەم وڵاتانە: بەریتانیا لە ٢٠/٤/٢٠١٦ و فەڕەنسا لە ٢٦/٥/٢٠١٦ و کەنەدا لە ١٧/٦/٢٠١٦ و سکوتلەندا لە ٢٣/٣/ ٢٠١٧ و ئەرمینیا لە ١٧/١/٢٠١٨ و ئوستورالیا لە ٢٦/١/٢٠١٨ و ھەرێمی کوردستان لە ٣/٨/٢٠١٩ و پورتوگال لە ٢٩/١١/٢٠١٩. عێراقیش لە ١/٣/٢٠٢١ یاسای ڕزگاربووانی دەرکردووە، هەروەها ھۆڵەندا لە ٦/٧/ ٢٠٢١ و بەلجیکیا لە ١٥/٧/٢٠٢١ و لۆکسمبۆرگ لە ١٥/٧/٢٠٢١ و ئەڵمانیا لە ١٩/١/ ٢٠٢٣.
- ئەنجوومەنی ئاسایش لە ١٠/٥/٢٠٢١.
- لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سووریا لە ١٥/٣/٢٠١٦.
- ڕابیتەی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە ١٦/٦/٢٠١٦.
بڵند ئیبراھیم




