بناغەیەکی باش بۆ ڕێککەوتن دانراوە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی چارەسەری پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بناغەیەکی باش دانراوە، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و چارەسەری کێشەکە بکەن.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەی (ئەبیکۆر) ئەوەی سەرپەرشتیی کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، باسی دوو پرس کرا، ئەوانیش بریتی بوون لە گرێبەستە نەوتییەکان و تێچووی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و بناغەی ڕێککەوتن دانرا، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت".
سوبحی گوتیشی: "ئەوەی زیاتر کۆسپە، تێچووی دەرھێنانی نەوتە و وەزارەتی نەوتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی تێچووی بەرمیلێک نەوت شەش بۆ حەوت دۆلار بێت بە ھۆی ئەوەی لە ھەموو عێراق بەو شێوەیەیە، بۆیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، پێشنیازی دیکە بۆ کۆمپانیاکان کراوە، کە ئەو قەرزەی ماویانە پێیان بدرێت کە ٢٠ ملیار دینارە، ئەمەش ھاوکاریان دەبێت بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدرێتەوە و ئاسانکاریی دیکەیان بۆ دەکرێت و کۆمەڵێک پێشنیازیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێشکەش کراون".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی گرنگە، ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق زۆر جیددین لەسەر ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە، چونکە ھەڵوێستی ھەردوو لایەن ئەرێنین و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کارێکی باشی کردووە و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو گرفتانەی ھەن چارەسەر بکرێن و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە بێت".
بڵند ئیبراھیم




