وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: ئەمە سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکاری و ڕێککەوتن دەکرێت بۆ ئەوەی ئەمساڵیش کۆمەڵێک بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە بکرێن، چونکە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێویستە سەرچاوەکانی داھات فرەچەشن بکرێن، بۆیە ئەمە سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ئێمەش لەسەر ئەو سیاسەتە کار دەکەین و بەردەوام دەبین.
کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی پارساڵ لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی دەرەوە کران، ئەمساڵیش کار لەسەر ھەمان سیاسەتی پارساڵ دەکەین و ئەمە سیاسەتێکی ستراتیژییە و بۆ کاتێکی درێژخایەنە، کە سیاسەتی سەرۆکی حکوومەتە ئێمە بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆی جووتیاران پەیدا بکەین، بۆیە ئەمساڵ ئامادەکاری کراوە و ڕێککەوتن دەکرێت، بۆ ئەوەی پەتاتە ڕەوانەی سعوودیا و ئیمارات و قەتەر بکرێت و ھەروەھا ھەنار و سێو و بەرھەمی دیکە ڕەوانەی دەرەوە بکرێن، لە دوایین سەردانی کۆنسووڵی ئیماراتیش بۆ لای ئێمە، باس لەوە کرا کە بەرھەمی ئێمە لە مریشک و ھێلکە زیاتر لە خواستی ناوخۆیە و ڕەوانەی عێراق دەکرێت، بۆیە کار دەکرێت ڕەوانەی ئیماراتیش بکرێت، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە بەرھەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی بێت و لە پشکنین دەرچێت لە ھەموو ڕوویەکەوە، کە بەرھەمێکی باشە و بۆ ئەوە دەشێت ڕەوانەی دەرەوە بکرێت".
سلێمان گوتیشی: "کار دەکرێت ئەمساڵ دووبارە برنجی ئاکرێ و سماق و تەحینیش ڕەوانەی ھەندێک وڵاتی ئەورووپا بکرێت و ھاوکات سێوی بەرواری باڵا و ھەنگوینیش ئەمساڵ ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، چونکە سەرۆکی حکوومەت بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە ناکرێ تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داھات ببەستین و پێویستە داھاتەکان فرەچەشن بکرێن، نەک تەنھا یەک سەرچاوەمان ھەبێت، بۆیە کار لەسەر پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی دەکرێت، کە دەبنە ھۆکاری ئەوەی ژێرخانێکی ئابووریی بەھێزمان ھەبێت".
دەشڵێ: "ڕێژەی ھەناردەکردنی بەرھەمەکانیش، بەپێی ئەو ڕێژەیە دەبێت کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەناردەی دەرەوە دەکرێت و ئێمەش ھەوڵ دەدەین ئەمساڵ ڕێژەیەکی زیاتر ڕەوانەی دەرەوە بکەین".
ناوبراو ئاماژەش دەدات: "ئەو بەرھەمانەی کار دەکرێت بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێن، بریتین لە: پەتاتە، ھەنگوین، سێو، ھەنار، برنج، سماق، تەحین، مریشک و ھێلکە".
بڵند ئیبراھیم




