٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک دووەم ڤیستیڤاڵی خانی بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بڕیارە دووەم ڤیستیڤاڵی خانی لە شاری دھۆک بەڕێوەبچێت و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانیش دەڵێت، دەمانەوێ ڤیستیڤاڵی خانی بکەینە ڤیستیڤاڵی نەتەوەیی لەسەر ئاستی ھەر چوارپارچەی کوردستان.

ئیحسان ئامێدی، بەرپرسی ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی لە دھۆک، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگە دووەمین ڤیستیڤاڵی خانی لە شاری دھۆک بەڕێوەدەچێت و ڤیستیڤاڵی ئەمساڵ لە ژێر ناوی "کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر بۆ دوا ڕۆژێکی گەشتر" لە ھۆڵی کۆنفرانسەکان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ماوەی ڕۆژی ڤیستیڤاڵی خانی چەندین پەنەڵی ڕۆشنبیری ئامادەکراون و ژمارەیەک بابەتی ھزری و ڕۆشنبیری دەخرێنەڕوو دانوستانیان لە بارەیەوە دەکرێت.

بەرپرسی ناوەندی خانی گوتیشی: کەسانی پسپۆر لەھەر چوار پارێزگای ھەرێمی کوردستان بەشداری دووەم ڤیستیڤاڵی خانی دەکەن و دەمانەوێ ڕووی گەشی دھۆک پێشانی خەڵکی کوردستان بدەین بۆ ئەوەی بەھەموو لایەک ڕابگەیەنین، چوونکە دھۆک توانای ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی سینەما و بوارەکانی دیکەی ھەیە، بەھەمانشێوە توانای بەڕێوەبردنی ڤیستیڤاڵی ڕۆشنبیری گەورەی ھەیە.

ئیحسان ئامێدی ڕوونیشیکردەوە: یەکەم ڤیستیڤاڵی خانی لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، دەمانەوێ ڤیستیڤاڵی ببێتە ساڵانە و بەرفراوانتری بکەین، ھەتا دەمانەوێ ببێتە ڤیستیڤاڵی نەتەوەیی کوردستان و لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان ڕۆشنبیران بەشداریی و بابەتیان ھەبێت، بۆیە ھەنگاوی گەورەترمان لە پێشە بۆ ئایندە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار