٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر: ٣٧ پۆندی ئاو دروست دەکرێن و مەترسیەکانی لافاو کەم دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر دەڵێت: لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٣٧ پڕۆژەی دروستکردنی پۆندی ئاو ھەیە، ئێستا ٢٠ پۆند لە جێبەجێکردندان، کە یەکێکیان پۆندی بنەسڵاوەیە و یەکێکە لە  پۆندە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و توانای کۆگاکردنی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە. 

ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٢٠ پۆند لە ژێر جێبەجێکردندان، ١٣ پۆندیش لە قۆناغی تەندەرن، سێ پۆندیش لە قۆناغی وەرگرتنی ڕەزامەندین بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، لەو ٢٠ پۆندەی لە ژێر جێبەجێکردندان دوایین پۆندیان پۆندی بنەسڵاوەیە کە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان گەورەترین پۆندە و توانای گلدانەوەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، جیاوازییەکی دیکەی پۆندی بنەسڵاوە لەگەل پۆندەکانی دیکە ئەوەیە، جگە لە ڕێڕەوی ئاوی باران، پۆندەکە سوود لە سەرچاوەی ژمارەیەک کانیاوی ناوچەکەش وەردەگرێت. 

بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر گوتیشی: پۆندی بنەسڵاوە بە چوارەم گەورەترین کۆگای ئاو دێت لەسەر ئاستی ھەولێر و توانایەکی زۆر باشی ھەیە بۆ کۆگاکردنی ئاو، ئەو پۆندە زۆر سوودی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و گەشتوگوزار و پاراستنی ھەولێر لە مەترسیەکانی لافاو هەیە. 

ڕێبوار کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: لە شەقامی بەحرکە تا باشووری ھەولێر زنجیرەیەک پۆند ھەیە، ھەموو پۆندەکان دەکەونە ناو پژدێنەی ھەولێر و ئەو ئاوەی ساڵانی ڕابردوو ھۆکاری دروستبوونی لافاو بوو، ئێستا لەو پۆندەدا گلدەدرێتەوە و سوودی لێ وەردەگیرێت. 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار