٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کادیرانی ئافرەت بۆ KDP: پارتی ھۆکار و پاڵنەری پێشخستنی ئافرەتان بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- کادیرانی ئافرەت لەبارەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، سەرکەوتنی ژمارەیەکی بەرچاوی ئافرەتان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا، نیشانەی گرینگیدانی پارتییە بە چینی ئافرەت.

دەوڵەت دوومان، کادیری  پارتی لە دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پیرۆزبایی لە کاندیدە دەرچووەکان دەکەم و ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوە چوون، بردنەوە و نەبردنەوە لەناو پارتیدا نییە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەریش نەچوون ئێستاش وەک ھەموومان ھەر کادیری حزبن و بە سینگێکی فراوان ھەموومان چووینە نێو پڕۆسەکەوە".

دوومان، گوتیشی: "دیاریکردنی ڕێژەیەک بۆ ئافرەت و سەرکەوتنی ئەو ھەموو ھەڤاڵە ئافرەتە، نیشانەی گرینگیدانی پارتییە بە چینی ئافرەت، نەک تەنیا لە حزبدا، بەڵکو لە پەرلەمان و حکوومەتیش پارتی ھۆکار و پاڵنەری پێشخستنی ئافرەت بووە".

لیا سەیفەدین، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرسێکی گرنگی وەک بەشداری و ڕۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا بە شێوەیەکی یەکسان شانبەشانی پیاو، تەنیا ئەرکی دەوڵەت و حزبە سیاسییەکان نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ھۆشیارکردنەوەی خودی ئافرەت خۆیەتی لەگەڵ گرووپە جیاوازەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ، بۆ ئەوەی گوشاری سیاسی دروست بکەن تا ئاستەنگەکانی بەردەم ئافرەتان لە کاروباری سیاسی کەم بکەنەوە".

ناوبراو دەشڵێ: "لە مێژووی حوکمڕانیی کورددا، ئافرەت بە چەند وێستگەیەکی جیاجیادا تێپەڕیوە و بەپێی شوێن و کات لە سیاسەت و بڕیاردان، گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئافرەتان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژھەڵات، لە ھەرێمی کوردستاندا ئافرەتان لە کاروباری سیاسیدا ڕۆڵی کارایان ھەیە و بە ئاراستەی پێشکەوتنێکی دیار ‎دەڕوات، ‎پارتی دیموکراتی کودستان لەگەڵ دروستبوونیدا بڕوای تەواوی بە تواناکانی ئافرەتان ھەبووە و لە پێگەی ئافرەت خافڵ نەبووە، ھەمیشە لە پێگەی بڕیاردا لەناو ڕیزەکانی پارتی ئافرەت بوونی ھەبووە، ‎خۆشبەختانە لە دوای کۆنگرەی ۱٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرفەتێکی باشتر و زیاتر بۆ بەشداریی سیاسیی ئافرەتان ڕەخسا و ژمارەیەکی بەرچاو ئافرەت توانییان لە کۆنگرەدا سەرکەوتوو بن بە پلەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی، پاشان لەگەڵ دەستپێکی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتان توانییان خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ناو ھەڵبژاردنەکان و لە ناویاندا ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان توانییان لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا متمانەی ڕێکخستەنەکانی پارتی بەدەست بھێنن و سەرکەوتوو بن بە پلەی کارگێڕی لق و بەرپرسی ناوچە و بەرپرسی رێکخراو و کارگێڕی ڕێکخراو".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار