گەشتوگوزاری عێراق: هەرێمی کوردستان توانیویەتی شکۆی پرۆسەی گەشتیاریی عێراق بپارێزێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ شاندی گەشتوگوزاری عێراق، باسی کۆمەڵێک ئاڵنگارییمان کرد کە ڕووبەڕووی گەشتیاران دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵی فریودانی گەشتیاران دەدەن.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ شاندی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی فیدراڵ، گوتی: دوێنێ لەگەڵ شاندی دەستەی گەشتوگوزاری بەغدا کۆبووینەوە و کۆمەڵێک دۆسییەمان تاوتوێ کرد کە پەیوەستن بە دۆخی ئەو گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی باشوور دێنە هەرێمی کوردستان.
ئەمەل جەلال ڕایشیگەیاند: باسی کۆمەڵێک ئاڵنگارییمان کرد کە ڕووبەڕووی گەشتیاران دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵی فریودانی گەشتیاران دەدەن، لەسەر ئەو بابەتە، هەردوو لامان لەسەر هەندێک ڕێکار بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵی دەستبڕین و فێڵکردنی هاووڵاتیان دەدەن ڕێککەوتین.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: لەسەر هەندێک ڕێنمایی ڕێککەوتین کە پەیوەستن بە ڕێکارەکانی هەردوو لاوە.
یەکەمیان، پێویستە ئەو کۆمپانیایانەی گەشتیار دەهێننە هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتن بێت و مۆڵەت پێدراو بن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندییەوە مۆڵەتپێدراو بن.
ڕایشیگەیاند: لیژنەیەکی هاوبەشمان بۆ پشتبەستن بەو کۆمپانیایانەی خاوەن مۆڵەتن لە بواری گەشتوگوزار پێکهێناوە، هەروەها باج بەو کۆمپانیایانە دەدەین کە گەشتیار دەهێنن و چاودێری گەشتیاران دەکەن.
د.مەهدی غەزبان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بنکە گەشتیارییەکان لە گەشتوگوزاری عێراق گوتی: گومانی تێدا نییە هەرێمی کوردستان هەموو خزمەتگوزارییەکی پێشکەشی گەشتیاران کردووە، هەروەها شکۆی گەشتیارانی پاراستووە، دەشڵێ: هەرێمی کوردستان توانییویەتی شکۆی پرۆسەی گەشتیاریی عێراق بپارێزێت کە ئەمەش شایانی سوپاسە.





