نوێنەرانی پارتی لە مووسڵ، بوونەتە پردی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ناوچە کوردستانییەکان

زێلکان -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان باس لەوە دەکات، پێشتر ناحیەی زێلکان و گوندەکانی پشتگوێ خرابوون، بەڵام بە ھەوڵی نوێنەرانی پارتی لە مووسڵ بەردەوام خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردییەکان دابین دەکرێت، ئێستا چەندین پڕۆژە لە جێبەجێکردن دان.
محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێشتر ھیچ خزمەتی سنووری ئێمە نەدەکرا، تەنانەت ڕێگاوبانیشمان زۆر خراپ بوو، بەڵام بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، ماوەی دوو ساڵە بەردەوام پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان بۆ دەکرێت، ڕێگای زێلکان بۆ شەقامی سەرەکی مەندان کە بۆ مووسڵ دەچێت (٢٢کم)-ە قیڕتاو کرا، ئێستا کۆتایی بە پڕۆژەکە ھاتووە و کەوتۆتە خزمەت ھاووڵاتییان، قۆناغی یەکەمی ڕێگای زێلکان بۆ مەھەتێش دەستپێکراوە ئەویش (ھەشت کم) دەبێت، ئێستا (٤کم) کاری لێ دەکرێت کە مەھەتێ و شەش گوندی دی سودی لێ وەردەگرن.
محەمەد ئەمین گوتیشی: جگە لەوە چەندین پڕۆژەی دیکەی وەک دروستکردنی شەقامی ناوخۆیی زێلکان و مەھەتێ لە جێبەجێکردن دان، ١١ھەزار مەتر تۆڕی ئاویش دروست دەکرێت، بۆیە سوپاسی نوێنەرانی کورد لە مووسڵ و جێگری پارێزگار و نوێنەرانی دیکە دەکەین کە بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر خەتن، ئەگەر ئەوان نەبن ھیچ پڕۆژەیەکمان بۆ جێبەجێ ناکرێت، بە ھەوڵی ئەوان ناوچە کوردستانییەکان خەریکە ئاوەدان دەبێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




