٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەڵک جارێکی دیکە ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی گرنگیدان و ئاسانکاریکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەڵکی خۆمان جارێکی دیکە ڕوو لە بە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن، چونکە ھەم گۆشتی پارەیەکی باش دەکات و ھەمیش بەرھەمی شیر لە بازاڕ ساخ دەبێتەوە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: خۆی پێشتر وشکەساڵی کاریگەری ھەبوو لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاژەڵی ماڵان، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئێستا گۆشتی سور پارەیەکی باش دەکات و نرخی ئاژەڵ باشە ئەمە وای کردووە خەڵک جارێکی دیکە ڕوو لەبەخێوکردنی ئاژەڵ بکات، چونکە ھەندێک پڕۆژە دامەزراون لە ھەرێمی کوردستان، بۆ نموونە، پڕۆژەی زۆم کە بڕیارە نووسینگەی لەسەرتاسەری ھەرێم بکاتەوە بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی شیری ئاژەڵ و ھەروەھا شیر لە خاوەن ئاژەڵدارەکان وەردەگرن و لێیان دەکڕن و دەکرێتە بەرھەمی خۆماڵی، ئەمەش وای کردووە خەڵک زیاتر ڕوو لەبەخێوکردنی ئاژەڵ بکات، بەھۆی ئەوەی دڵنیایە بەرھەمی ئاژەڵەکانی ساخ دەبێتەوە و گرفتی بۆ دروست نابێت، بۆیە ئەوەی ئاژەڵێکی ھەبێت کردوویەتی بە دوو ئەوەشی دووی ھەبێت کردوویەتی بەسێ، بۆیە ھیوادارین ئەو پڕۆژانە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ھەبێت.

فیراس سدیق گوتیشی: لە ئێستادا زۆر بوونی ڕێژەی بەرھەمی شیر لە ھەرێمی کوردستان نیشانەی ئەوەیە لەدایکبوونی ئاژەڵ لە زیادبووندایە کە نێرە و مێیە و ھاوکات لە گۆشتی سوریش بەرھەم زیاد بێت، چونکە نێرەکان سەردەبڕدرێن و مێیەکانیش بۆ بەرھەم بەخێو دەکرێن.

ناوبراو دەشڵێت: لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار سەر ئاژەڵی بچووک و ٢٠٠ ھەزار سەر ئاژەڵی گەورە ھەیە، بۆیە ڕێژەکە بەردەوامیش لەزیادبوون دایە و خەڵکیش ئاژەڵ بەخێو دەکات و بۆ ئالیکیش کارگەمان ھەیە دەتوانێ ئالیک دابین بکات بۆ ئاژەڵ و دەتوانن لەدەرەوەش ھاوردە بکرێت و گرفتی نیە، ئەمەش ھەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بەکەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەدات و ئێستا دەبینین بەھۆی گرنگیدان و ئاسانکاریکردن بۆ ئاژەڵداران جارێکی دیکە خەڵک ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن، ئەمەش ھەنگاوێکی ئیجابی و دڵخۆشکەرە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار