٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کارکردن لە دروستکردنی ھۆڵی ڕۆشنبیری بەردەڕەش بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ھۆڵێکی ڕۆشنبیری و ھونەری بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار دروست دەکرێت، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و بڕیارە ساڵی داھاتوو تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان.

ئەندازیار لوقمان عوسمان محەممەد، ئەندازیاری سەرپەرشتی پڕۆژەی دروستکردنی ھۆڵی ڕۆشنبیری بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ٢٧ی٢ ئەمساڵ دەست بەدروستکردنی ھۆڵەکە کراوە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە و لە ئێستادا ڕێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە ١٠%و گوژمەی پارەی تەرخانکراویش بۆ پڕۆژەکە حەوت ملیار و ٣٤٨ ملیۆن و ١٩٨ دیناری عێراقییە و، پڕۆژەکەش لە سێ بەش پێکھاتووە ئەوانیش ئیدارەی ڕۆشنبیری و، بەشی دووەم ھۆڵەکەیە و، بەشی سێیەم شوێنی دانیشتنە و ھەندێک ژووری لەگەڵدایە، بۆیە پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت و بڕیارە تاوەکو مانگی ٧ی ٢٠٢٥ تەواوبێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان".

ئەندازیار لوقمان گوتیشی: "ئێستا کارکردن تێیدا خێرا کراوە بۆ ئەوەی بتواندرێت لەماوەی خۆیدا تەواو بکرێت و ئەگەر لەکاتی خۆشی تەواو نەبێت دەتواندرێت کاتی پێبدرێت، بۆیە بەڵێندەر دڵنیایی دەدات لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەکە لەکاتی خۆیدا".

ناوبراو دەشڵێت: "جگە لەوەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل دروست دەکرێت ئەویش ١٤ ھەزار مەتر چوارگۆشەیە و دوو پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلی دەبێت و بەشی سەوزاییش نزیکەی ١٧ ھەزار مەتر چوارگۆشەیە، چونکە کۆی پڕۆژەکە ٤٠ ھەزار مەترە و بیناکەش ٣ ھەزار مەتر دەبێت".

لای خۆشیەوە ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھونەری لە پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کاتی خۆی ئێمە سەردانی قەزای بەردەڕەشمان کردوو پێشنیازی ئەوەمان کرد ھۆڵێکی ڕۆشنبیری لە قەزای بەردەڕەش دروست بکرێت بە حوکمی ئەوەی ھیچ ھۆڵێکی لێ نەبوو، بۆیە دوای ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ سنووری دھۆک و قەزای بەردەڕەش بڕیاردرا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت".

ھاوکات پێشی وایە: "دروستکردنی ئەو ھۆڵەی ڕۆشنبیری سودێکی زۆری دەبێت بۆ بواری ڕۆشنبیری لەقەزای بەردەڕەش، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و ھیوادارین پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت بواری ڕۆشنبیری و ھونەری لە قەزای بەردەڕەش".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار