لەم دووساڵەدا چی لە ئیدارەی سۆران ئەنجام دراوە؟

سۆران -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دراوە و کۆمەڵێک دەستکەوتی گرینگی ھەبووە کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵە بە گوژمەی زیاتر لە ١٢٤ ملیار دینار پڕۆژە ئەنجامدراون.
ھەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: یەکێک لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتنە کایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەستبەکاربوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (ھەڵگورد شێخ نەجیب) بۆ هەڵمەتی خزمەتگوزاری لە ھەموو سێکتەرەکان و ھەموو ناوچەکان دەستی پێکرد، وەکو سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و ڕێگاوبان و پەرەپێدانی ڕێڕەوی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێتیش یەکێک بوو لە دەستکەوتە گرنگەکان، هەردوو قەزای سیدەکان و خەلیفان و دوو ناحیە دروست بوون، بڕیارە چەند ناحیەیەکی دیکەش دروست بکرێن، بۆیە کابینەی نۆ گرنگی زۆری بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە، لە دەروازەی حاجی ئۆمەران جوڵەی بازرگانی زۆر زیادی کردووە و بڕیارە دەروازەی کێلەشینیش بکرێتەوە.
ھەژار حەکیم گوتیشی: بەپێی بەرنامەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەپێی بودجەی بەردەست، خزمەتگوزاری بۆ هەموو گوند و ناحیە و قەزاکان دابینکراوە، بۆ ئەوەی کێشەکانیان لە ھەموو سێکتەرەکان چارە بکرێت، لە دواین سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی ڕاگەیەندران، ئەوانیش دانانی بەردی بناغەی پارکی نیشتمانی، دروستکردنی ئۆڤەرپاسی یەکی سۆران، دووسایدی سپیلک بۆ خەلیفان، دروستکردنی شەقامی ٤٠ مەتری لە سۆرانی نوێ و دروستکردنی پۆند و بەنداو، کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش لە ئارادان، بەگشتی لە ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی زیاتر لە ٩٣ ملیار دینار پڕۆژە ئەنجامدراون.
حەکیم باسی لەوەش کرد: ئەمساڵ بەھەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو ٣١ پڕۆژە لە بوار و سێکتەری جیا جیا و بە گوژمەی نزیکەی ٣٠ ملیار دینار لە جێبەجێکردن دان.
بڵند ئیبراھیم




