٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەشتوگوزار: ھاوین بە وەرزی زێڕین ھەژمار دەکرێت بۆ ھاتنی گەشتیاران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەوڵەمەندیی ھەرێمی کوردستان بە ناوچەی شوێنەواری، وای کردووە سەرنجی گەشتیاری بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت و کاریگەریی ئەرێنیی ھەبێت بۆ ئەوەی ڕێژەی گەشتیاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت. دەشڵێ: "بڕیارە بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان خزمەتگوزاریی سەرەتایی دابین بکەین".

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو گەشتیارانەی لە عێراقەوە دێنە ھەرێمی کوردستان، زیاتر بۆ ناو سرووشت سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە تایبەت لە وەرزی ھاویندا، کە وەرزی زێڕینی گەشتیارانە، بەڵام بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان زیاتر گەشتیاری بیانی خواستیان بۆ ئەو ناوچانە ھەیە و خۆشبەختانە ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە ناوچەی شوێنەواری".

عەبدولمەجید گوتیشی: "ئەو ڕێبەر و نەخشانەی ھەمانن و ئەو فلیمانەی دروست دەکرێن و هەروەها ئەو پێشانگایانەی دەکرێنەوە، زۆر گرنگن، ئێمەش فۆکسی زۆرمان لەسەر ناوچە شوێنەوارییەکانی ھەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەی دەزانین لای گەشتیاری بیانی گرنگە و بابەتی دۆزینەوەی شوێنەواری شانەدەر (زێت)یش لە ئەشکەوتی شانەدەر، کاریگەریی زۆر پۆزەتیفی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیاری نێودەوڵەتی، بۆیە ساڵانە ھەوڵ دەدەین بەشێک لە ناوچە شوێنەوارییەکان بەگەشتیاری بکەین، لەبەر ئەوەی گەشتیاران کە سەردان دەکەن، پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە، بۆیە پلانمان ھەیە ژمارەیەکی زۆری شوێنەواری، خزمەتگوزاریی سەرەتاییان بۆ دابین بکەین".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "پێویستمان بەوە ھەیە لە ڕووی ژێرخانەوە زیاتر پەرە بەو ناوچانە بدەین، بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتری بیانی بێنە ناوچە شوێنەوارییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئەوان زیاتر بەو ئامانجە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ئێمەش پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین، بۆ ئەوەی گونجاو بن گەشتیار سەردانیان بکەن و خزمەتگوزاریی سەرەتاییان تێدا ھەبێت".

دەشڵێ: "وەزری ھاوین، بە وەرزی زێڕین ھەژمار دەکرێت بۆ ھاتنی گەشتیاران و لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، کە لەم وەرزەدا چەند قات دەبێت و چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران بۆ ھەرێم بگاتە ھەشت ملیۆن گەشتیار، بۆیە بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی کەشێکی لەبار بۆ گەشتیاران بڕەخسێت بۆ سەردانیکردنی ھەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان، لەبەر ئەوەی ٢٥%ی ئەو گەشتیارانەی دێنە ھەرێم، بیانین و خەڵکی وڵاتی جیاجیان، وەکو کەنداو و ئەورووپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە".

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، ئەحمەد ھۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەم وەرزەدا گەشتەکانمان لەگەڵ وڵاتان زیادیان کردووە و ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠ گەشتمان ھەیە و ڕێژەی گەشتیارانیش بەراورد بە ڕابردوو، زیادی کردووە، ئێمەش بەردەوام ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی گەشتەکانمان لەگەڵ وڵاتان زیاد بکەین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار