٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سۆشیالیست بۆ KDP: بارزانى بە دەستێکى پڕەوە گەڕاوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- گوته‌بێژی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، سەردانەکەى به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی بۆ بەغدا، کاریگەریى گەورەى دەبێت و بەڕێزیان پرسپێکراون لە ڕووداوەکانى هەرێمایەتى و هەر هەنگاوێک دەنێت، دەرئەنجامەکەى لێوە دیارە.

فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "به‌ڕێز کاک مەسعود بارزانى پێگەیەکی گەورەی ئیدارى و سیاسی لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق و دەوڵەتانى هەرێمى و جیهانیدا هەیە، پرسپێکراوى سیاسەتى ناوچەکەیە و ئەو ڕووداوانەى لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، جەنابیان ئاگادارە و ڕۆڵی تێدایە، هەر جووڵەیەکى به‌ڕێزیان بە ئاراستەى هەر پرسێک بێت، کاریگەرییەکى گەورە بەجێ دەهێڵێت، هەر هەنگاوێکیش بەڕێزیان دەینێت، پێشتر ئامادەسازی بۆ کراوە".

تۆفیق گوتیشی: "بڕوامان وایە سەردانى جەنابى کاک مەسعود بارزانی بۆ بەغدا، کاریگەریى گەورەى دەبێت و بە دەستێکى پڕەوە بۆ کوردستان گەڕاوەتەوە، کۆبوونەوەکانیشی، کۆبوونەوەى گرنگ بوون و بایەخی تایبەتیش بە سەردانەکەى دراوە، بۆیە ئەم سەردانەى کاریگەریى لەسەر ئاستى دەوڵەتانى هەرێمى هەبووە و چاودێرى کراوە، لەسەر ئاستى شیعە و سوننە و کوردیش کاریگەریى دەبێت و هەموو پێکهاتەکانى عێراقى بینیوە، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "هەر ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت، دەرئەنجامی گەورەى بۆ سەر ئاییندەی پێوەندییەکانى هەولێر و بەغدا دەبێت، بۆیە چاوەڕێی دەرئەنجامى گەورە دەکرێت لە پێوەندییەکانى هەردوولادا بێتە ئاراوه‌ لە هەموو ئەو پرسانەى گفتوگۆیان لەسەر کراوە".

گوتەبێژى حزبى سۆشیالیست دیموکراتى کوردستان هەروەها گوتى: "سەردانەکەى بەڕێز مەسعود بارزانی، تەنیا بۆ لایەنى ئیداریى دەوڵەت نەبوو لە بەغدا، کۆبوونەوەى گرنگى هەبوو لەگەڵ باڵیۆزانى دەوڵەتانى ئەمەریکا و چین و ڕووسیا و دەوڵەتە ئەورووپى و عەرەبییەکان، دەوڵەتانى جیهانى و هەرێمییش چاودێریی وردى سەردانەکەى بۆ بەغدا و گفتوگۆکانى بەڕێزیان دەکرد لەگەڵ لایەنەکانى عێراقدا".

راشی گه‌یاند: "لامان گرنگە پێگەی گەورەى به‌رێز كاك مه‌سعود بارزانى، بۆ کوردستان سوودى لێ ببیندرێت و ناوماڵى کوردى ڕێک بخاتەوە، هەروەک چۆن کاریگەرى هەیە لەسەر نزیکردنەوەى هەموو پێکهاتەکانى عێراق، کاریگەریى گەورەیشى هەیە لەسەر لایەنە سیاسى و پێکهاتەکانى کوردستانیش، ئێمە و لایەنەکانى تر لە عێراق ڕکابەرى یەکترین، نەیاریش بۆ خواست و مافەکانى کورد زۆرە، گرنگە ڕۆڵە گەورەکەى جەنابیان لە کوردستان سوودى لێ ببینین".

 

عه‌زیز ڕه‌سوڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار