ئایدن مەعروف: سەردانی کاک مەسعود بۆ بەغدا کاریگەری لەسەر کۆی پرسەکان دەبێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری کاروباری پێکھاتەکان دەڵێت، سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ بەغدا کاریگەری لەسەر کۆی پرسەکان دەبێت، دەشڵێ: بارزانی ڕەمزی پێکەوەژیانە لە عێراق و کوردستان.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی کاک مەسعود بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی گرینگ بوو، لە کاتێکی گونجاویش دابوو، دەبینین لە داھاتوودا کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و گرفتی پێکھاتەکانیش چارە دەبن، بێگومان سەردانی جەنابیان کاریگەری لەسەر کۆی پرسەکان دەبێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان گوتیشی: بەڕاستی کاک مەسعود کاریزمایەکی سیاسییە و خاوەن پێگەیەکی بەھێزە لە ھەرێم و عێراق و ناوچەکەدا، مەرجەعێکی سیاسی گرینگە .. لە ھەمان کاتدا ڕەمزی پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوەکانە لە عێراق و کوردستان.
ئایدن مەعروف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە گەڕانەوەی کورسی کۆتاکانیش ھەڵوێستێکی مێژوویی ھەبوو لە داکۆکیکردن لە مافی پێکھاتەکان ئەمەیش لای ئێمە و پێکھاتەکانی دیکە جێگەی ڕێزگرتنە.
قائید میرۆ




