٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەڕێگەی چەندین پڕۆژە سود لەئاوی ئاوەڕۆکان وەردەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی: ١٧ پڕۆژەمان ھەن بۆ ئەوەی سود لە ئاوی ئاوەڕۆکان وەربگرین و دووبارە بەکاری بێنینەوە و زیان بە ژینگە نەگات، بۆیە بڕیارە بەم نزیکانە لە ھەولێر پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێت. 

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  ئێستا پڕۆژەیەکمان لە ھەولێر ھەیە لەسەر قەرزی ژاپۆنی _ ڕێکخراوی جایکا، بڕیارە جێبەجێ بکرێت، جارێک کرایە تەندەر بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا جارێکی دیکە دەکرێتەوە تەندەر و دەدرێتە کۆمپانیا و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، ئەو پڕۆژەیە بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە بە قۆناغ ھەموو ئاوی ھەولێر لەڕێگەی پڕۆژەی ڕیسایکلین دووبارە پاکبکرێتەوە و بۆ کشتوکاڵ و سەوزایی وکەرتی پیشەسازی بەکار بھێندرێتەوە، بۆ ئەوەی زیان بە ژینگە و کشتوکاڵیش نەگەینێت چونکە لە زۆر شوێن ئاوی ئاوەڕۆ بۆ کشتوکاڵ بەکار دەھێندرێت. 

ئاری ئەحمەد گوتیشی: جگە لەوە ١٦ پڕۆژەی دیکەمان ھەیە وەکو پلان بۆ ئەوەی لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ئەو ئاوەڕۆیانەی ڕاستەوخۆ دەچنە ناو ڕووبارەکان پڕۆژەیان بۆ ئەنجامبدرێت و ئاوەکە پاکبکرێتەوە و بۆ کشتوکاڵ و سەوزایی سودی لێ وەربگیرێت، بەڵام بودجەی زۆری پێویستە و چاوەڕێی دابینکردنی بودجە دەکەین بۆ جێبەجێکرنیان. 

ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ئەو پڕۆژەیە، لە قۆناغی یەکەم یەک لەسەر ھەشتی ھەولێر دەگرێتەوە، دواتر بە قۆناغ کاری لەسەر دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ھەموو ھەولێر دەگرێتەوە، بەڵام پێویستە بە قۆناغ ئەنجام بدرێت و بە یەکجار ناکرێت، چونکە ئاوەکە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی پاک دەکرێتەوە و دووبارە بەکار دەھێندرێتەوە .. بودجەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ٢١٠ ملیۆن دۆلارە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار