٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئالووسی بۆ KDP: ھەمووان چاوەڕێی دیداری سەرۆک بارزانی بوون

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- کەسایەتییەکی سیاسیی دیاری عێراق باس لەوە دەکات، چاوی ھەمووان لەسەر سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بوو، دەشڵێ: دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکانی سەردانەکە دەردەکەون.  

میسال ئالووسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، سەردانێکی سیاسیی ناوخۆیی نییە، بەڵکو سەردانی سەرکردەیەکی دیارە بۆ بەغدا و ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ عێراق ھەیە و بایەخ بەو وڵاتە دەدات، گرینگی بەو سەردانە داوە و پێیان گرینگ بووە بزانن سەرۆک بارزانی لە بەغدا چی دەکات، ھەموو ئەوانەی لە پڕۆسەی سیاسیدا کار دەکەن و ئەوانەی حزبی سیاسین، چ سوننە و چ شیعە، چاوەڕێی دیداری سەرۆک بارزانی بوون و ھەوڵی ئەوەیان دەدا متمانەی ئەو  بەدەست بێنن. 

ئالووسی گوتیشی: ھەموو باڵیۆزەکانی جیھان سەردانی سەرۆک بارزانییان کرد، دەزانن سەنگی زۆرە و حیسابێکی تایبەتی ھەیە، بۆیە سەرۆک بارزانی دوای چەندین ساڵ لە چاودێریکردن و پشوودرێژی، ئەو سەردانەی کرد، ئەمەش ھەنگاوێکی ستراتیژی بوو و ھەمووان دەیانەوێت بزانن چی دەبێت، لەوانە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، لەبەر ئەوەی ناکرێت مێژوو و خەباتی کورد لەبیر بکرێت، بۆیە ئەو سەردانە زۆر گرینگە و ئەنجامەکانی لە داھاتوودا بە شێوەیەکی ورد لەگەڵ عێراق و ھەموو وڵاتاندا دەردەکەون. 

دەشڵێ: پێم وایە لە داهاتوودا گۆڕانکاری دەکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەرخۆ ھەنگاو دەنێت و مامەڵە دەکات، کاتێک سەرکردەیەکی نیشتمانیی کورد سەردانی بەغدای کرد و جووڵەی کرد، ئەنجامی باشی دەبێت، ھیوادارین ئەو ئەنجامانە بۆ ھەمووان باش بن. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار