لە زاخۆ دەست بە دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی کرا

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ گوتی: لە زاخۆ لەسەر ڕووبەری ٨٠٠ دۆنم زەوی، دەست بە دروستکردنی ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی کراوە و بڕیارە زیاتر لە ٢٠٠ کارگەی لە ھەموو بوارەکانی پیشەسازی لێ دروست بکرێت.
جگەرخوین تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنان لە زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە زاخۆ لەسەر ڕووبەری ٨٠٠دۆنم زەوی دەست بە دروستکردنی ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی کراوە، ئێستا خزمەتگوزاری بۆ دابین دەکرێت و ڕێگای بۆ دروست دەکرێت کە خزمەتگوزاری تەواو بوو دەست بە دروستکردنی کارگەکان دەکرێت.
جگەرخوین تاھر گوتیشی: بڕیارە زیاتر لە ٢٠٠ کارگەی گەورە لەو ناوچە پیشەسازییە و لەسەر ڕووبەری ٢ھەزار مەتر دروست بکرێت، تا ئێستاش ٢٥ پروپۆزەلمان بۆ ھاتووە بۆ ئەو پڕۆژەی پیشەسازییە، بۆیە دوای تەواوبوونی خزمەتگوزاریەکان بۆ ھەر وەبەرھێنەرێک زەوی تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی کارگە دروست بکەن، کارگەی پیشەسازی ھەموو بوارێکی لێ دروست دەکرێت ھەر وەبەرھێنەرێک بیەوێت لە ھەر بوارێکی پیشەسازی کار بکات زەوی بۆ تەرخان دەکرێ.
تاھر باسی لەوەش کرد: خزمەتگوزاریی پێویستیش بۆ ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، ڕێگا، ئاو، کارەبا، بنکەی پۆلیس، تەندروستی، بنکەی ئاگر کوژێنەوە، کافێ، خواردنگە، مزگەوت و زۆر شتی دیکە لەخۆ دەگرێت، بۆیە کاتمان پێویستە بۆ ئەوەی ناوچەیەکی پیشەسازی مۆدێرن لە زاخۆ دروست بکەین و بتوانین لەو ڕێگەیەوە پەرە بە کەرتی پیشەسازی بدەین.
بڵند ئیبراھیم




