فایز خەفاجی بۆ KDP: سەرۆک بارزانی ڕێبەرێکی مەزنە

بهسرا-KDP.info- فایز خەفاجی، سیاسەتمەداری مێژوونووسی ناوداری عێراقی دەڵێت، سەرۆک بارزانی تاکە ڕێبەرە لە عێراقدا، کە هەست بە بەرپرسیاریەتیی دەکات، هەموو کۆبوونەوەکانیشی لە پێناو ئەوەدان، کە دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات.
فایز خەفاجی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ئەم سەردانەی سەرۆک مەسعود بارزانی گرنگە و دەیەوێت شایستەی فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات، ئەوان مافیان هەیە شایسەتەکانیان بۆ خەرج بکرێت بە پێی دەستوور و یاسا.
خەفاجی، نووسەر و توێژەرێكی سیاسیی عێراقییە، لەسەر مێژووی نوێی عێراق دەنووسێت و خاوەنی زیاتر لە 10 كتێبی سیاسی و مێژووییە، یەكێك لە كتێبەكانی لەسەر شۆڕشی كورد و هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكانییەتی و لە كاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، چەندین وتاری بۆ پشتیوانی ئەو پرۆسەیە نووسیوە.
لە لێدوانەكەیدا، خەفاجی ئاماژەی بۆ ئەوەش دا: کورد لە عێراقدا هاوبەشی سەرەکین و ناکرێت مافەکانیان پشتگوێ بخرێت، پێویستە حکوومەتی عێراق مافەکانی کورد بدات لە چوارچێوەی یاساکان و دەستووری عێراقدا.
دەشڵێت: پێشوازیکردن لە سەرۆک بارزانی هەر لە خۆی دەهات وەک ڕێبەرێکی مەزن، ئەمەش ئاماژەیەکە کە وجودی هەیە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا و پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە سازانێکی سیاسیی دوور لە کێشە چارەسەر بکرێن.
كاروان باعهدری




