دوو حیزبی کوردستان هۆشداری دەدەنە پەکەکە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالست، کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامیش لەگەڵی ھاوڕایە دەڵێن: "پێویستە پەکەکە سنووری ھەرێمی کوردستان جێبێڵن، پەکەکە و هەر هێزێکى تر لە پشت نائارامى و سووتاندنى قووتى خەڵکى کوردستانەوە بێت، پێویستە حکوومەتى عێراق و حكوومەتی هەرێمى کوردستان، دەستەوەستان نەبن و لێیان قبووڵ نەکرێت و ئەو دەستە ببڕنەوە".
ساڵانێکى زۆرە پەکەکە، بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارى لەگەڵ سوپاى تورکیادا لە چەند دەڤەرەوە، ناوچەیەكی فراوانى خاکى باشوورى کوردستانیان گرتووە و گوندنشینان و خەڵكەكەشی لە ترسی مەترسیی فڕۆكەی جەنگی، شوێنەکانیان چۆڵ کردووە، هەر بەهۆی ئەو جووڵانەی ئەوانەوە لە چەند ناوچەیەكی سنووری ھەرێم بەدوای پەکەکەوەیە، بەھۆی پەکەکەوە باری سەقامگیری خەڵكی ئەو ناوچانە تێکچووە، پەکەکە ھەر بەمە نەوەستاون و پەڕیونەتەوە بۆ ناو شارەكان و دەستیان بە سووتاندنی بازاڕەكان كرد، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن پشێوی دروست بکەن.
مەلا لوقمان پێنجوێنى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى حزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "لەگەڵ ئەوەدا نین هیچ هێزێکى سیاسى لە ژێر هیچ بیانوویەکدا، ببێتە هۆى پشێوى بۆ هەرێمى کوردستان، بە تایبەتى پەکەکە ماوەیەکى زۆرە گێچەڵ بۆ هاووڵاتیانى ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، كە ئەمە بە تەواوی بووەتە مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵک و سەقامگیریی وڵات".
پێنجوێنی بە ڕاشكاوی دەڵێت: "شوێنى پەکەکە، باکوورى کوردستانە، نابێت لە ژێر هیچ ناوێکدا خاکى هەرێمى کوردستان بەکار بهێنێت و نائارامى دروست بکات".
لە بارەی سووتاندنی چەند بازاڕێكی كوردستان، كە بەپێی بەڵگەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان سەلمێندرا كە دەستی ئەو هێزەی تێدا بوو، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالست دەڵێت: "ئاماژەکان بۆ ئەوەیە پەکەکە لە پشت ئەو کارەوەیە، پەکەکە و هەر هێزێکى تر لە پشت نائارامى و سووتاندنى قووتى خەڵکى کوردستانەوە بێت، پێوستە حکوومەتى عێراق و حكوومەتی هەرێمى کوردستان، دەستەوەستان نەبن و لێیان قبووڵ نەکرێت و ئەو دەستە ببڕدرێتەوە".
نیعمەت عیزەت، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی بزووتنەوەى ئیسلامى، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان، هاوڕای ئەندامەكەی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالستە و دەڵێت: "شوێنى پەکەکە باکوورى کوردستانە، نەوەک ھەرێمی کوردستان".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی بەراوردێک لە نێوان پەكەكە و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و دەڵێت: "حزبەکانى ڕۆژهەڵات، دۆخى ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و پابەندى ڕێککەوتن و یاساکانى هەرێمى کوردستانن و هەرگیز نەبوونەتە بەشێک لە تێكدانی ئارامی و سەرئێشە بۆ حكوومەت، لە بەرانبەردا پەکەکە هیچ کات ڕەچاوى دۆخى ھەرێمی کوردستان ناکات و شەڕەکانیان دەهێننە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە".
ئەو ئەندامەی بزووتنەوە، هەمان ئەو پێشنیازە دەخاتە بەردەم پەکەکە كە ساڵانێكە خەڵک و هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێیان دەڵێن: پەکەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێوەی ھاتوون، لەوێ درێژە بە کارەکانی بدات، ئەو ھێرشە سەربازییەی تورکیا بۆ سەر قووڵایی خاکى کوردستان ھەبووە بەهۆی پەكەكەوەیە،see تاكە چارەسەر ئەوەیە، پەکەکە ھەرێمی کوردستان چۆڵ بکات.
عەزیز ڕەسووڵ




