سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بەردی بناغەی دوو پرۆژەی خزمەتگوزاری دانا

سۆران-KDP.info- بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 509 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی دوو پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی یەک ملیار و 509 ملیۆن و 553 هەزار و 500 دینار، بەردی بناغەی قیڕتاوکردنی کۆڵانە ناوخۆییەکان و دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە قەزای سیدەکان دانا.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە رێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، ئەو دوو پرۆژەی ئەمڕۆ بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، تەواوکەریی ئەو پرۆژانەن کە لە ماوەی ڕابردوودا لەو سنوورە جێبەجێ کراون و پلان و بەرنامەی دیکەشیان بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە داهاتوودا هەیە.
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، کێشە و ئاڵۆزییە سەربازییەکان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، ڕێگربوونە لەوەی نەتوانن وەکو پێویست لە ڕووی گەشتیاری و ئابوورییەوە سوود لە دەڤەری سیدەکان وەربگرن و گوتی، "هاووڵاتی و جووتیارانی ناوچەکە قوربانیی یەکەمی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانە بوونە. ئەگەر ئەو کێشانە نەبوونایە، دەتوانرا چەندین پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری لە دەڤەرەکە جێبەجێ بکرێن".
وەکو ئەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی کرد، ئەگەر کێشە و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە سنووری سیدەکان نەبوونایە "دەتوانرا زووتر دەروازەی کێلەشین بە ڕووی هاووڵاتییاندا کرابایەوە و جووڵەی بازرگانیش دەچووە ئاستێکی دیکە. هەروەها دەتوانرا لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە سوودێکی زۆر لەم دەڤەرە وەربگیرێت".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی هەڵگورد شێخ نەجیب جەختی لێ کردەوە، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەتایبەت گوندەکان.




