هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنێكی سەربازی لەگەڵ ئەڵمانیا واژوو كرد

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، ڕێككەوتننامەی بەرزكردنەوەی توانا و پاڵپشتیی وڵاتەكەیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە واژوو كرد.
ئەمڕۆ چوارشهممه، 3ی تەمووزی 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێكکەوتننامەیەکیان بۆ پڕۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد. بەمەش حکوومەتی ئەڵمانیا هاوکاریی زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
وەک لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: وەزیری پێشمەرگە لهبارەی ڕێكکەوتننامەکەوه دەڵێ: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرنگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێشبردنی گشت بەش و یەکە کارگێڕی و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئاییندەدا.
ئەم ڕێككەوتنە لە ئاكامی دیدارێكی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بوو لەگەڵ کلاوس دیتەر شترایشەر، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا و کۆلۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی یاوەریان و سەرەتا وەزیری پێشمەرگە باسی لە پرۆسەی چاکسازی و دۆخی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا کرد.
کونسولی گشتیی ئەڵمانیا، دڵخۆشیی خۆی لە بەرەوپێشچوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشـمەرگە دهربڕى، هەروەها لەبارەی واژۆکردنی لێكتێگەیشتنهكهوه گوتی: حکوومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگە.




