سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە نەینەوا: پێویستە ھەر بڕیارێک لە ئەنجوومەنەوە بدرێت بە تەوافق بێت

نەینەوا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، چاوەڕێ دەکەین بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەتەواوی ھەڵوەشێتەوە و سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنیش لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە ئەگەرنا ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەنجوومەن.
دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پارتی، دەنگی لەسەر گۆڕینی سەرۆكی یەكە ئیدارەییەكانی پارێزگای نەینەوا دا، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێوشوێنەكانی دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای بۆ گۆڕینی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگاكەی ڕاگرت.
ئەندازیار ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕاگیرا بۆ گۆڕینی بەرپرسانی یەکەی ئیداری و ئێمە چاوەڕێ دەکەین ئەو بڕیارە بەتەواوی ھەڵوەشێتەوە و ناکرێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی، ئەمڕۆ ئێمە وەکو کوتلەی پارتی و کوتلەی نەینەوای یەکگرتوو بڕیارماندا ناگەڕێینەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا تاوەکو سەرۆک و جێگری ئەنجوومەن نەگۆڕدرێن، چونکە کاری نایاسایی دەکەن و دەبنە ھۆکاری کاری نایاسایی، بۆیە پێویستە لابدرێن.
کیکی باسی لەوەشکرد، نەینەوا شارێکی فرە پێکھاتەیە و ناکرێت تەنھا یەک پێکھاتە لە نەینەوا بڕیاربدات و پێویستە ھەر بڕیارێک بدرێت بە هاوئاهەنگیی لایەنەكان بێت.
بڵند ئیبراھیم




