٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی لە خانەقین نزیکەی ٥٠ گوند چۆڵ کراون

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: بەھۆی بۆشایی ئەمنی لە سنووری خانەقین جموجۆڵی داعش بەردەوامە و چالاکیش ئەنجام دەدەن، ئەگەر بۆشاییەکە پڕبکرێتەوە کاریگەری زۆری دەبێت و جموجۆڵیان نامینێت، چونکە بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی لەماوەی ڕابردوو نزیکەی ٥٠ گوند لە سنووری خانەقین چۆڵ کراون.
ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوژمن و ناحەزان بەردەوام سوود لە بۆشایی ئەمنی سنووری خانەقین و دیالە وەردەگرن بۆ ئەوەی گورزی خۆیان بوەشێنن، وەک بڕیار درابوو لیوای ھاوبەش دروست کراون، ھەموو کارەکانیشیان تەواو کراوە بەڵام تا ئێستا بەسەر ناوچەکاندا دابەش نەکراون، زەرورە پەلە بکرێت و دابەش بکرێن،  چونکە داعش لە سنووری ئێمە ھەیە و چالاکییش ئەنجام دەدات، شانەی نوستوو و ڕێکخستنیشیان ھەیە بەڵام خاکیان بەدەستەوە نییە بەڵام بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە شوێنی خۆحەشاردانیان زۆرە، بە دابەشکردنی ئەو لیوایانە کێشەی بۆشایی ئەمنی چارە دەکرێت.

ئەکبەر حەیدەرخان گوتیشی: لەدوای ٢٠١٧وە لە سنووری خانەقین بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی نزیکەی ٥٠ گوند کە زۆرینەیان کوردن چۆڵکراون.
دەشڵێت: جگە لەوەش پرۆسەی تەعریب لە خانەقین بەردەوامە، ئێستا بچیت بۆ ناو شاری خانەقین ئەوەندەی خەڵکی عەرەبی لێیە ئەوەندە خەڵکی خانەقینی لێ نییە، چونکە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر عەرەبی یەکجار زۆر ھاوردە کراون و حکوومەت و سوپا ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن و زەوی و خانوویان بەناو دەکرێت، ھەموو کارێکیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی عەرەب زیاتر بێت، چونکە ئەمە فاکتەرێکی زیادبوونی ڕێژەی عەرەبە لە سنووری خانەقین. 
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ڕوونیشی کردەوە: لەو پۆستانەی بەدەست کوردەوە بوون نزیکەی ھەشت بەڕێوبەر لادراون و کەسانی عەرەب لە شوێنی ئەوان داندراون، ئەمەش کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ عەرەب بکرێت و ھاوردەی خانەقین بکرێن و شارەکە تەعریب بکرێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار