سیروان رۆژبەیانی بۆ KDP: لەگەڵ ئەوەدا نین لە ئێستادا ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە

مووسڵ-KDP.info- جێگری یەکەمی پارێزگاری مووسڵ رایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال جێبەجێ ناکرێت، چونکە تاوەکو رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە و دۆخی ئەمنی سەقامگیر نییە.
سیروان رۆژبەیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو حکوومەتی خۆجێیی مووسڵ لەگەڵ ئەوەداین ھەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نین لە ئێستادا ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە، چونکە دۆخی ئەمنی ئارام نییە و لە دەستی عێراقییەکاندا نییە، بۆیە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دژی ئاوارەکان و برایانی ئێزدی دراوە و دەیانەوێ بە زۆر بگەڕێنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە و ئێستاش رۆژانە شنگال بۆردوومان دەکرێت، ئەگەر بگەڕێنەوە ژیانیان دووبارە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە خۆیان ناگەڕێنەوە و ئێمەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت".
رۆژبەیانی گوتیشی: "ئەگەر رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، دۆخی ناوچەکە زۆر لەپێشتر باشتر دەبێت و پێویستە قایمقامێکی تازە دابنرێت و ئیدارەیەکی شەرعی بگەڕێتەوە بۆ شنگال".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا ئیدارەیەکی ناشەرعی لە شنگال ھەیە، کە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەین، بۆیە ئێمە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکەین، بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و بتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە و ئیدارەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و خزمەتیان بکات و شەرعی بێت".
دەشڵێ: "کوردانی ئێزدی خۆیان لە ترسی داعش ئاوارە بوون و ئێستا خۆیان ناگەڕێنەوە بۆ شنگال بە ھۆی ئەوەی دۆخەکە ئارام نییە و رۆژانە بەھۆی پەکەکەوە شنگال بۆردوومان دەکرێت، بۆیە دۆخی ئەمنیی شنگال سەقامگیر نییە و بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران جێبەجێ ناکرێت تاوەکو دۆخی شنگال ئارام نەبێت و رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، لەبەر ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ھیچی بۆیان نەکردووە و لەجیاتی ئەوەی بێت ھاوکاریی ئاوارەکان بکات و دۆخی شنگال ئاسایی بکاتەوە و ئەو ھەموو ھێزەی لێیە دەربکرێن، دێت فشار دەکات، ئەمە بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت و ئاوارەکان قبووڵیان نییە بەو شێوەیە بگەڕێنەوە".
بڵند ئیبراھیم




