٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ KDP: فڕۆکەی ئاشتی بۆ وڵاتان دەنێرین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە ساڵی ٢٠٠٣ لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ناوخۆیی و عێراقی و ئەمەریکی کرایەوە و لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازییەوە بۆ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی گۆڕدرا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێریش دەڵێت، کردنەوەی ئەم فڕۆکەخانەیە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشانی جیھانمان دا ئێمە کۆمەڵگایەکی شارستانین، لەبەر ئەوەی پێشر فڕۆکەخانەیەکی سەربازی بوو و لەو رێگەیەوە گوند و دێھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکران.

ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئەو فڕۆکەخانەیە کاتی خۆی سەربازی بوو و گوند و دێھاتەکانی ھەرێمی کوردستان لەو ڕێگەیەوە بۆردوومان دەکران، ئێستاش فڕۆکەخانەیەکی مەدەنییە و فڕۆکەی ئاشتی بۆ وڵاتانی جیھان دەنێرین و یەکێک لە رەمزەکانی ھەرێمی کوردستانیش، فڕۆکەخانەی ھەولێرە و حوکمڕانیی مەدەنی و شارستانیی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات لە ڕووی بازرگانی و گەشتیارییەوە".

ھۆشیار گوتیشی: "بە وڵاتانی جیھانمان راگەیاند، ئێمەش کۆمەڵگایەکی شارستانین، ھەر بۆیە ئێستا گەشتمان لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپا ھەیە و بەردەوامیش گەشتی تازە دەکەینەوە، کە ئێستا رۆژانە ٨٢ گەشتمان لەگەڵ وڵاتاندا ھەیە و گەشتی گەشتیارییشمان لە زیادبووندایە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار