کۆمسیۆن: ئەوانەی پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە دەتوانن سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن

بەغدا -KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە دەدرێت بەو کەسانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن و جارێکی دیکە پەنجەمۆریان بخوێندرێتەوە.
جومانە غەلای، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا، ئەوانەی پێشتر پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە لە سبەینێ تا 10ی ئەو مانگە بچن سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەنجەمۆریان تاقی بکەنەوە و بخوێندرێتەوە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان بێبەش نەبن.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: جگە لەوەش لە چواری مانگی داھاتوو لە کۆمسیۆن دەرگای ناو تۆمارکردن بۆ دەرچووان و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ببنە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان، تاوەکو ٢٣ی مانگ بەردەوام دەبێت و خەڵکی ھەر سێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک دەگرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




