٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد لە مووسڵ کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارە کرا

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری سایلۆکانی دھۆک گوتی: بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد لە پارێزگای مووسڵ توانرا کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کورد چارە بکرێت، ئێستا جووتیاران دەتوانن گەنمیان ببەن بۆ مووسڵ و ھەرچەندی ھەبێت بەبێ دیاریکردنی ڕێژە لێیان وەردەگیرێت. 

نازم ئەترووشی، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو جووتیارانەی گەنمیان دەبەن بۆ مووسڵ پێشتر ڕێگەیان پێ نەدەدرا، بەتایبەت ئەوانەی سنووری شێخان، ئەلقوش، فەیدیە و وانکێ، بەڵام ئەو گرفتە چارە کرا و ئێستا دەتوانن گەنمی خۆیان ببەن بۆ مووسڵ، بەڵام بەو مەرجەی جووتیارەکە لە مووسڵ ناوی لە پلانی کشتوکاڵی ھەبێت، تەنانەت ئەگەر جووتیارەکە لە دھۆکیش بێت، چونکە لە مووسڵ پێویستیان بە وەرگرتنی گەنمی زۆر ھەیە. 

نازم ئەتروشی گوتیشی: تەنیا لە شێخان ١٠٦ھەزار تەنیان لێ وەردەگرن، ئێمە لە دھۆک ھەمووی ١٨٩ھەزار تەن وەردەگرین، لە ئەلقوش ٩٤ھەزار تەنیان لێ وەردەگرن، ئەوانیش ئەو بڕە گەنمەیان نییە، بۆیە دەتوانن گەنمی دھۆکیش وەربگرن تا ڕێژەکە تەواوبێت. 

ئەتروشی باسی لەوەش کرد: لیژنەیەک پێکھاتووە، نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە، نوێنەرانی کوردیش لە ئەنجوومەن و پارێزگای دھۆک زۆر ھاوکاربوون بۆ ئەوەی کێشەکە چارە بکرێت، ئێستا لە بازگەکانیش ڕێیان لێ ناگیرێت، لە مووسڵیش گەنم لە جووتیارانی ئێمە وەردەگرن. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار