جێگری پارێزگار بۆ KDP: سبەی مەسروور بارزانی سەردانی هەڵەبجە دهکات

هەڵەبجە-KDP.info- بڕیارە سبەی یەکشەممە سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکات و بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە دابنێت، کە پڕۆژەیەکی گرنگی کشتوکاڵی دەبێت بۆ سنوورەکە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی یەکشەممە سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان مەسروور بارزانی، لەگەڵ شاندێکی باڵا کە پێکهاتوون لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بازرگانی و چەندان بەرپرسی تری حکوومەت، دێتە هەڵەبجە بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی سایلۆ".
عەلی گوتیشی: "سایلۆی هەڵەبجە بودجەکەی 27 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، کە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2022 جێبەجێ دەکرێت، سایلۆکەش توانای وەرگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، لەگەڵ بوونی 10 کۆگا، کە توانای هەڵگرتنی ماددەکانی بەشەخۆراکی شەش مانگی هەڵەبجەیان دەبێت".
دەشڵێ: "سەردانەکانی مەسروور بارزانی، زۆر گرنگ بوون و پڕۆژەی گرنگی بۆ هەڵەبجە خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو ئەو نۆ خاڵەی لە یاداشتەکەی پێمان دا لە سەردانی ڕۆژی 22ـی شوباتی ئەمساڵدا، ئیشیان لەسەر کراوە، هەروەها سبەی پێداچوونەوە بەو خاڵانهدا دەکات کە تاچەند پڕۆژەکان به باشی بەڕێوە دەچن".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "داوامان کردووە قایمقامی بەوەکالەتی خورماڵ دەستبەکار ببێت، هەروەها ژمارەی دامەزراندن بەڕێزیان بریاری لێ داوە کە 500 کەسە و زیاد بکرێت، داواشمان کردووە پڕۆژەکان کە دیاریی سهرۆكى حکوومەتن بۆ شارەکە، زیاتر کار لەسەر جێبەجێکردنیان بکرێ، لەو چوارچێوایەشدا ڕوونکردنەوەمان بە تیمی پڕۆتۆکۆڵی بەڕێزیان داوە".
ڕۆژی 22ـی شوپاتی ئەمساڵ، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان مەسروور بارزانی، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد، کە بەردی بناغەی ڕێگا و پردی تووەقوتی دانا، هەروەها یاداشتێکی نۆ خاڵیی لە ئیدارەی پارێزگاکە وەرگرت، کە هەموویان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەزیز ڕەسووڵ




