ماڵپەڕی KDP زانیاری لەبارەی دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی عێراق ئاشکرا دەکات

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنرێت، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێک کە ئیتر ھیچ وڵات و لایەنێک نەتوانێت ئاسمانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببەزێنێت.
سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "عێراق پلان و بەرنامەی داناوە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتواندرێت ئاسمانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببەزێندرێت و لە ناوخۆی عێراقیش ھیچ ھێزێک نەتوانێت بە درۆن بۆردوومان بکات، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی گرنگە و عێراق ھیچ بەرگرییەکی وەهای نییە بتوانێت لە کاتی بەزاندنی ئاسمان و بۆردووماندا بەرگری لە خۆی بکات".
سندی گوتیشی: "بڕیارە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان، چوار راداری گەورەی پێشکەوتوو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنرێن، بەڵام کاتی پێویستە و ئەگەر ھاوپەیمانانیش نەبن، ناتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات، بۆیە پێویستی بە ھاوپەیمانان ھەیە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەشی دا: "دوو جۆری رادار ھەیە، جۆرێکی تەنھا دەتوانێت تا دوو سێ (کیلۆمەتر) ئاشکرا بکات، بەڵام ئێستا جۆرێکی پێشکەوتوو ھەیە دەتوانێت ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات، بۆیە پێویستە ئەمەریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو سیستمە بۆ عێراق دابین بکەن، ئەگەر ئەو ھەنگاوەش نرا، ئەو کات ھەر کارێک لە ئاسمانی عێراق بکرێت، لە دەرەوە بێت یاخود لە ناوخۆ، ئاشکرا دەبێت و بەرگری لێ دەکات".
دەشڵێت: "عێراق جگە لە ئاسمانەکەی، لە وشکانی و دەریاییش سیستمی بەرگریی لاوازە و کار دەکات بەھێز بکرێت، بۆیە پلانەکە وایە ئاسمانی عێراق لە رێگەی ئەو سیستمەوە تەواو کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوکات عێراقیش لە ڕووی ئەمنییەوە دەچێتە قۆناغێکی تازەوە، لەبەر ئەوەی فەڕەنسا دوو راداری داوە بە عێراق و چاوەڕێ دەکرێت بگات، بۆیە کە دانرا ئەوکات نە فڕۆکە و نە درۆن ناتوانن بۆردوومان بکەن، پێویستە ئەو ھەنگاوەش لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت، ھەرچەندە ماوەیەکی زۆری پێویستە تاوەکو کارەکانی بە تەواوی جێبەجێ دەکات و پێویستی بە کادیری تەکنیکیی زۆریش ھەیە، بەڵام ئەگەر عێراق پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ھاوپەیمانان کۆتایی پێ بێنێت، ئەوکات عێراق لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایە، بەردەوام دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




