٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاکسیۆنی پارتی: پارێزگاری کەرکووک خانەنشین دەکرێت و پێویستە پارێزگارێکی تازە دابنرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت و تێیدا شەرعیەت بە ئەنجومەن دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆدەنگییەک لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، چونکە پارێزگار خانەنشین دەبێت و پێویستە پارێزگارێکی تازە دابنرێت.

حەسەن شێخانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جۆرێک لە کۆدەنگی و رێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین و تێیدا شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ڕاستە ئێستا ئێمە کاری خۆمان دەکەین و رێگریی زۆریشمان لە بڕیارەکانی پارێزگار کردووە کە دژی کورد بوون، بەڵام ئەگەر شەرعیەتمان پێ بدرێت ئەوکات باشتر دەتوانین کاری خۆمان بکەین، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانین لەو ماوەیەدا کۆبوونەوە ئەنجام بدەین و شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت".

شێخانی گوتیشی: "لە ئێستادا بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووکیش کە کوردە، خانەنشین بووە و جێگرەکەی عەرەبە لە شوێنی ئەو دانراوە، بۆیە پێویستە کوردێک شوێنی ئەو بگرێتەوە، چونکە ئەو پۆستە پشکی کوردە و نابێت بدرێت بە لایەنێکی دیکە و پێویستە کوردێک ئەو پۆستە وەربگرێت".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە بەم زووانە کۆبوونەوە ئەنجام بدەین، چونکە پارێزگاریش خانەنشین دەکرێت و پێویستە پارێزگارێکی تازە لە شوێنی ئەو دابنرێت، بۆیە ئەگەر ئێمە شەرعیەتمان پێ درا و کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنێین، لەبەر ئەوە پەلەمانە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت و کۆتایی بەو گرفتە بێت و ئەنجومەن دەست بە کارەکانی خۆی بکات".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار