٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم له‌باره‌ی کێشەی کەمئاویی ھەولێر بۆ KDP.info ده‌دوێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە ھەرێمی کوردستان پێی وایە، بە ھۆی ھەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان لە ھەولێر کێشەی کەمئاوی دروست دەبێت و دەشڵێ، حکوومەت یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر خەرج دەکرد. 

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەت یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر خەرج دەکات، ئەو پارەیە بۆ  لێدانی بیر و کاروباری ڕۆژانە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و چاککردنەوەی ئامێرەکان بەکار دێت، بە تانکەریش ئاو بۆ ئەو شوێنانەی کێشەی کەمئاوییان ھەیە، دابین دەکرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ھۆکاری کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئێستا شاری ھەولێر بووەتە سەنتەرێکی بازرگانی و بەردەوام ژمارەی دانیشتووانی لە ھەڵکشاندایە، هاوکات کەمیی کارەبای نیشتمانی لە وەرزی ھاویندا کاریگەری ھەیە لەسەر کەمبوونەوەی ئاو لە ھەولێر، چونکە ڕۆژانە ھەولێر پێویستی بە ئاوێکی زۆر ھەیە". 

ئەو ئەندازیارە ڕوونیشی کردەوە: "لە سەنتەری شاری ھەولێر ھەزار و ٤٠٠ بیر ھەیە، لەو ژمارەیە ١٢٠ بیر مۆلیدەی خۆیان ھەیە، بڕیارە ٢٥٠ بیر بخرێنە سەر موەلیدەکان و پێداچوونەوە بە سیستمی ئاوی ھەولێردا بکرێت، ئەویش لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی، کە جێگرەوەی ئەو ھەموو بیرە زۆرە بێت لە سەنتەری ھەولێر". 

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار